راپۆرت

57 هەزار دەنگدەری نوێ بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن

نهانیوز- هەواڵەكان

بەرپرسانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەهەرێمی كوردستان رایدەگەیەنن: بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەكانی كوردستان 57 هەزار دەنگدەری نوێ بۆ دەنگدان كارتیان دەركردوەو زۆرینەشیان لەپارێزگای دهۆك نیشتەجێن.

ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری گشتی لقی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نهانیوزی وت "31 هەزار و 705 كەس لە سیستمی بایۆمەتری خۆیان تۆمار كردوەو لەو ژمارەیەش، 11 هەزارو 995 كەسیان لەدایكبووی ساڵی 2006ن و بۆ یەكەمجارە دەتوانن دەنگ بدەن".

ئەوەشی خستەڕوو "لەسلێمانی زیاتر 78%ی هاووڵاتیان لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار كراون".

بەگوێرەی ئامارەكانی كۆمسیۆن، ژمارەی ئەو كەسانەی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ یەكەمجار بەشدار دەبن لە پارێزگای دهۆك بەروارد بە هەولێر و سلێمانی زیاترە.

هەر گوێرەی ئامارەكان، زیاتر لە 57هەزار دەنگدەری نوێ بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.

خالید عەباس، سەرۆكی لقی دهۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق تایبەت نهانیوز رایگەیاند "تاوەكو ئەمڕۆ لە 84%ی سنووری پارێزگای دهۆك لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار كراون".

ئەوەشی وت، " لەم هەڵبژاردنەدا نزیكەی 100 هەزار گەنجی لەدایكبووی ساڵەكانی 2004، 2005 و 2006 بایۆمەترییان كردوەو دەتوانن دەنگ بدەن".

هاوكات بۆتان شێركۆ، بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رایگەیاند "نزیكەی 55 هەزار كەس مامەڵەی بایۆمەترییان بۆ كراوە كە پێشتر یان بایۆمەترییان نەكردووە یان بۆ یەكەمجارە دەنگ دەدەن". 

وتیشی، "لەو ژمارەیە نزیكەی 15 هەزاریان لەدایكبووی ساڵی 2006ن و یەكەمجارە مافی دەنگدانیان هەیە".

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاماژەی بەوەداوە كە دوای درێژكردنەوەی ماوەی تۆماری دەنگدەران لەهەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ وادەكە كۆتایهات و جارێكی تر درێژناكرێتەوە.

لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی 2024ەوە، پرۆسەی دابەشكردنی كارتی بایۆمەتریی دەنگدان لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردوەو تائێستا دووجار وادەكەی لەلایەن كۆمیسیۆنەوە درێژكراوەتەوە.

لەبارەی وادەی ناو تۆماركردن بۆ هاوپەیمانێتییەكانی بەشدار لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش، بەگوێرەی كۆمسیۆن، 14ی ئەم مانگە دوایین رۆژە بۆ تۆماركردنی حزب و هاوپەیمانێتییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

 فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەكان لە نوسینگەی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، "تا ئێستا بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانێتی، تەنها پەیوەندیمان پێوە كراوەو ئامادەییان دەربڕیوە، بەڵام هیچ لایەنێك بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكە سەردانی نەكردووین."

بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەكان لە نوسینگەی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق راشیگەیاند " نزیكەی 29 كاندیدی سەربەخۆ ناویان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركردووە".

ئەوەش دوپاتدەكاتەوە، پێویستە كاندیدەكان، هاووڵاتی هەرێمی كوردستان و دانیشتووی ئەو ناوچەیە بن كە خۆیانی تێدا بەربژێر دەكەن، "واتە لە دەرەوەی سنووری هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی سنووری مادەی 140 هیچ كەس ناتوانێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خۆی كاندید بكات".

3ی ئاداری 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە فەرمانێكی هەرێمی، رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردو بڕیارە بەچاودێری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەكانی عێراق بەڕێوەبچێت.

ش.ح
2024-03-10
زیاتر...
123
Copyright © All rights reserved.