وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
وەزارەتی دارایی عێراق لە سەر دیارنەمانی برە پارەیەک هاتە دەنگ و رایگەیاند، هیچ بڕە پارەیەک لە هەژمارەکە نەبراوە، بەڵکو تەنها سڕ کراوە و ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە، کە باس لە دیارنەمانی دوو ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دیناری سندوقی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەکەن
وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامی لێدوانێکی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، کە زانیارییەکان سەبارەت بە ڕاکێشانی پارە لە هەژماری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی ناڕاستن.
دەشڵێت "وەزیری کار بەدواداچوونی وردی بۆ باڵانسی هەژمارەکە نەکردووە، چونکە ئەو پارانەی ئێستا لە هەژمارەکەدان، پارەی گەڕاوەی کارتی زیرەکی سوودمەندان و پارەی تەمویلی گوازراوەن و دەستکاری نەکراون."
وەزارەتی دارایی داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد پێش بڵاوکردنەوەی هەر لێدوانێک کە ببێتە هۆی شێواندنی ڕای گشتی، وردبینی لە زانیارییەکاندا بکەن.
|