نها نیوز – هەواڵەکان
بۆ یەکلاکردنەوەی مووچەی مانگی نۆ تەنیا ئەم هەفتەیە لەبەردەست ماوە کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدات، بەگوێرەی وتەی دوو سەرچاوە و ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق؛ ئەگەر ئەم هەفتەش بڕیار لەسەر مووچە بدرێت، "هەر دەکەوێتە دوای هەڵبژاردن ناردنەکەی". هاوکات هەرێم لەهەوڵی ئەوەشدایە رۆژمێری مووچە لەگەڵ بەغدا رێکبکاتەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو کاری جدی لەسەر نەکرێت مەترسی مووچەی دوو مانگ لەئارادایە.
میدیای پارتی ئاشکرایکردووە، مەسرور بارزانی تیمەکانی راسپاردووە لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵبن کە بەر لە هەڵبژاردن مووچەی مانگی نۆ بنێردرێت، ئەگەر لە ئەنجومەنی وەزیران لەم هەفتەدا بڕیار لەسەر ناردنی مووچە نەدرێتت دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ دەکەوێتە دوای هەڵبژاردن.
سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "بڕیارە تیمێک لەوەزارەتی دارایی هەرێم سەردانی بەغدا بکەن و میزان موراجەعەی مانگی نۆ و لیستی مووچەی مانگی 10 لەگەڵ خۆیان ببەن رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی بکەن، وە بە بەغدا بڵێن؛ 120 ملیار داهاتی ناوخۆی ئامادەیە".
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگاداریش کە هەر بەمیدیای پارتی وتووە "ئەگەر رۆژی سێشەممەش بڕیار لەناردنی مووچەش بدرێت پارەدارکردنەکەی دەکەوێتە دوای هەڵبژاردن".
جگە لەوەش، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم دەیەوێت رۆژمێری مووچە لەگەڵ عێراق رێکبکاتەوە و لەمانگێکدا دوو مووچە بدرێت بەجۆرێک سەرەتای مانگ مووچەیەک و کۆتا مانگیش مووچەیەک، بەڵام ئەوەش کاری جدی دەوێت.
ئەو سەرچاوە ئاگادارەیە لەسەر مووچەی مانگی ١٠ەو مانگەکانی دیکە دەڵێت "ئەگەر رێککردنەوەی رۆژمێرەکە کاری جدی لەسەر نەکرێت، مەترسی لەسەر مووچەی فەرمانبەران دروست دەبێت، واتە مەترسی لەسەر مووچەیەک یاخود دوو مووچە دەبێت".
لایخۆشیەوە،کاروان یاروایس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکێتی لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ نها نیوزی پشتراستکردەوە، کە قورسە پێش هەڵبژاردن مووچەیەکی دیکە بدرێت کە مووچەی مانگی نۆیە.