نها نیوز – هەواڵەکان
وهزیرى کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی حكومهتى ههرێم رایگەیاند، لیستی خاوەن پێداوستییە تایبەتەکانمان ڕادەستی بەغدا کردووە بۆ ئەوەی کار لەسەر زیادکردنی مووچەکانیان بکرێت و کەمترین مووچەیان ببێت بە 250 هەزار دینار.
کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حكومهتى کاربەڕێکەری ههرێمی کوردستان بەمیدیای نزیک لەپارتی وت "بەغدا داوای لیستێکی لێکردووین کە دوای زیادکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان جیاوازییەکە دەبێتە چەند بۆ ئەوەی تەرخانی دارایی بۆ بکرێت، ئەمەش دوای پەسەندکردنی بودجەی 2026 دەبێت".
وتیشی "ئەو خاوەن پێداوسیتییانەی کە ناویان تۆمارکراوە و مووچەیان بۆ نەبەستراوە، بەڵێندراوە لەبودجەی ساڵی داهاتوو، کاری لەسەر بکرێت و وەک ئەوانەی دیکەش مووچەکەیان زیاد دەکات".
لەبارەی سڕینەوەی ناوی کەسانی ناشایستە لە لیستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، وەزیری کار ئاشکرایکر "لەساڵی 2019 پاکسازیی لە لیستەکان دەستیپێکردووە و سەرجەم خاوەن پێداوسیتییە تایبەتەکان دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە، 18 هەزار ناو سڕاونەتەوە کە مووچە وەردەگرن و خاوەن پێداویستی تایبەت نین".
جێی ئاماژەیە، سەروی 70 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت ئێستا 100 بۆ 150 هەزار مووچەیانە، وەزارەتی کار لەڕێگەی هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا کار لەسەر ئەوە دەکات کە مووچەکانیان زیادبکرێت، هاوکات ماوەی 12 ساڵە ناوی 13 هەزار و 200 خاوەن پێداویستی تایبەت کە لیژنەی تەندروستییان بینیوە ناویان ڕەوانەی بەغدا کراوە و مووچەیان بۆ نەبڕاوەتەوە.