ئابوری

وەزارەتی دارایی یەکە ژمێریارەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان یەکە ژمێریارییەکان ئاگادار دەکاتەوە بە ناردنی لیستی مووچەی مانگی 10 و ڕەچاوی لێبڕینی خانەنشینییش بکرێت.

لیستی مووچەی مانگی نۆ لە بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی بۆ کراوە و هیچ گرفتێکی نییە. ئێستا کار لەسەر لیستی مووچەی مانگی 10 و ڕێکارەکانی بە سیستمی پەیڕۆڵ دەکرێت، چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ بەغدا بنێرێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی راگەیاند "لە دوێنێوە یەکە ژمێریارییەکان ئاگادارکراونەتەوە، ئێستا سیستم کراوەتەوە، دەتوانن لیستی مووچەی مانگی 10 بۆ گەنجینەکان بنێرن".

یەکە ژمێریارییەکان لەوەش ئاگادارکراونەتەوە کە وردبینی لە لێبڕینی خانەنشینی بکەنەوە و هەڵەکان ڕاست بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە خێرایی لیستی مووچە ئامادەبکرێت و بۆ بەغدا بنێردرێت.

لایخۆشییەوە یادگار جەبار، بەڕێوەبەری بایۆمەتری سلێمانی وتی "پرۆسەی دانانی لیستی مووچەی فەرمانگەکان لە سیستمی پەیڕۆڵ سێ بۆ چوار ڕۆژی پێدەچێ. تائێستا تەنیا لیستی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی بە پەیڕۆڵ ئامادە دەکرێت. لیستی مووچەی خانەنشینان و وەزارەتی شەهیدان و چاودێری کۆمەڵایەتی مانگانە بە ئەکسڵ لیستی مووچەیان دەنێردرێت بۆ بەغدا، بەوەیش بڕیارە لە مانگی 10ـی ئەمساڵەوە بە پەیڕۆڵ ئامادە بکرێت".

هاوکات، دوای ئامادەبوونی لیستی مووچەی مانگی 10 تیمێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لیستی ئەو خانەنشینانەی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە لەگەڵ خۆیان دەبەن.
3کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.