وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیەندراوێكی لەبارەی مووچەوە بڵاوكردەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاردرا شایستەی شەش مانگ مۆڵەتی کۆکراوەی سەرجەم خانەنشینان خەرجبکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە وئاشکرای کرد، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و بە فەرمانی وەزیری دارایی و ئابووری، رۆژی چوارشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2025، شایستەی شەش مانگی مۆڵەتی کۆکراوەی سەرجەم ئەو خانەنشینانە بەشێوازی قۆناغ بە قۆناغ دابەشدەکرێت، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری خانەنشینبوونیان بۆ دەرکراوە و تاوەکو ئێستا ئەو شایستەیەیان وەرنەگرتووە”.
ئەوەشی خستەڕوو، "چەند جارێک بە نووسراوی رەسمیی داوا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە ئەو شایستەیەی خانەنشینانی هەرێم هاوشێوەی هاوتاکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق خەرجبکات، بەڵام تائێستا رەزامەندی لەسەر نەداوە، بۆیە بڕیاردرا سەرجەم ئەو شایستانە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت".
|