عێراق دانی بەراستیەکەدا ناو و هەرێم هەنگاوی کۆتایی بڕی
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای دەکات، حکومەتی بەغدا زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی کوردستانی وەرگرتووە، یەکەم نەوتهەڵگریش بەباری نزیکەی 700 هەزار بەرمیلەوە لە بەندەری جەیهان لەنگەری گرتووە.
ئەمڕۆ شەممە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی ڕاگەیاند "چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، دوای وەستانێکی زیاتر لە دوو ساڵ، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی هێڵی بۆریی عێراق - تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێکردەوە".
وتیشی "ئەمە یەکەمجارە حکومەتی فیدراڵی، نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم وەربگرێت و خۆی سەرپەرشتیی پرۆسەی هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان بکات".
وەزیرەکەی نەوتی فیدراڵ ئاشکراشیکرد "ئەو بڕە نەوتەی تائێستا وەرمانگرتووە، گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل. هەروەها یەکەم کەشتیی نەوتهەڵگر بە باری 650 هەزار بەرمیلەوە لە بەندەری جەیهان لەنگەری گرتووە".
"بارکردنی ئەم کەشتییە تەواو دەکرێت و بەرەو ئەو شوێنەی کە گرێبەستی لەسەر کراوە بەڕێدەکەوێت". حەیان عەبدولغەنی وا دەڵێ
غەنی بڕواشیوایە "ئەم هەنگاوە دەستکەوتێکی گەورەی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانە بۆ سەرخستنی پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دابینکردنی داهاتی پێویست بۆ بودجەی گشتیی دەوڵەت".
پێشتریش عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانی (سۆمۆ)، رایگەیاندبوو، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕۆژی شەممەوە دەستپێدەکات و تەواوی داهاتەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و دەخرێتە سەر بودجەی فیدراڵی.
|