نهانیوز-هەواڵەکان
دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم یەک لەو هوکارانەیە کە بووەتە هۆی دابەزینی نرخی جیهانی نەوت بۆ شەش دۆلار لە هەر بەرمیلێک.
هەینی 3ی تشرینی یەکەم نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و لە ماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە 8%ی بەهاکەی لەدەستدا.
لەسەر ئاستی هەفتانە، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 8.3% دابەزیوە و نرخی هەر بەرمیلێک لە نزیکەی 70 دۆلارەوە بۆ 64 دۆلار و 49 سەنت کەمبووەتەوە. هاوکات، نەوتی تەکساسیش (WTI) بە رێژەی 7.6% دابەزیوە و نرخی هەر بەرمیلێک لە سەروو 65 دۆلارەوە بۆ 60 دۆلار و 93 سەنت دابەزیوە.
هەر لەو بارەیەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە کە رێکخراوی ئۆپێک پڵەس پلانی هەیە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە بە بڕی 500 هەزار بەرمیل زیاد بکات. بەگوێرەی شرۆڤەکانی کۆمپانیای "ئای جی"، ئەگەر ئەم بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی لە مانگی ئایارەوە دادەبەزێت، بەجۆرێک پێشبینی دەکرێت نرخی نەوتی برێنت بگاتە 58 دۆلار و نەوتی تەکساسیش 55 دۆلار.
لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی شارەزایانی بازاری نەوت، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم یەکێکی دیکە لەو هۆکارانە بووە کە بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت.
لای خۆیەوە تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای "ئای جی" (IG)، بە میدیاکانی راگەیاند"داخستنی حکومەتی ئەمریکا و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەرییان هەبووە."