ئابوری

هەرێم بەپەلە داوایەک لە عێراق دەکات و مەترسی بەڕێوەیە

نها نیوز - هەواڵەکان

ئەمڕۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم کۆبووە و لەمیانی کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنەکە داوای لە حکومەتی فیدراڵ کردووە هاوشێوەی دۆسیەی نەوت داهاتی نانەوتیش یەكلابکرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی و ئامادەبونی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بەهۆی کۆبوونەوەکەوە ئەنجومەنەکە لەمیانی راگه‌یه‌ندراوێکدا دەڵێت "ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامبون لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە کە لە ڕۆژی 27ی ئەیلولی 2025ەوە کەوتوەتە بواری جێبەجێکردن و لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، بە تێکڕا ڕۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوت، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە و داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ".

هاوکات ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، هیوای خواست کە حکومەتی فیدڕاڵیش بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێکردنی پابەندیی خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئابی ساڵی 2025 و مانگەکانی تر، وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێم داوای لە حکومەتی فیدڕاڵ كردووه‌ شاندی دانوستانکاری هەردوو حکومەت، لەژێر سەرپەرشتیی لیژنەی وەزاریی پێکهاتوو بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، بەردەوامی بە کۆبونەوەکانیان بدەن بۆ گەیشتن بە ڕێكکەوتنێکی هاوبەش تا لە نزیکترین دەرفەتدا، هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەکلایی بکرێتەوە و "ئیتر هیچ پاساو و بەربەستێک، نەکرێتە بیانو بۆ کێشەی مووچە".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم:

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی ئۆکتۆبەری 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بوەوە.
لە بڕگەی یەکەمدا، لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی تایبەت بە بارودۆخی دارایی نوێی هەرێم لە ڕوی داهات و خەرجییەکان بە زانیاری و ژمارەی ورد خرایەڕو کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری ئامادە کرابو، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە درا کە دوای ڕێککەوتنی سێقۆڵیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بارودۆخێکی دارایی نوێ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ هاتوەتە ئاراوە کە پێویست بە پێداچونەوە و خۆڕێکخستنەوە دەکات.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامبون لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوپات کردەوە کە لە ڕۆژی 27ی ئەیلولی 2025ەوە کەوتوەتە بواری جێبەجێکردن و لە چەند ڕۆژی ڕابردو، بە تێکڕايی ڕۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوت، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە و داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ و هیوای خواست کە حکومەتی فیدڕاڵیش بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێکردنی پابەندیی خەرجکردنی موچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئابی ساڵی 2025 و مانگەکانی تر، وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق.
سەبارەت بە بابەتی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دوپاتکردنەوەی پابەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشیپێکردنی داهاتە نانەوتییەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لە هەمان کاتدا جەختدەکاتەوە لە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پشتبەستن بە هەردو ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵی ژمارە 6 ساڵی 2019 و ماددەی 21/دوەم لە یاسای بودجەی فیدڕاڵ کە بە دەقی یاسایی ڕون و ئاشکرا، بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەکان دیاری کردوە.
سەرەڕای جەختکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر گرنگی ڕەچاوکردنی ئەوەی کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێم خەرج نەکردوە بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنانی هەرێم سەرەڕای هەبونی تەرخانکراوی پێویست لە ناو خشتەکانی یاسای بودجەی فیدڕاڵ کە ساڵانە زیاتر لە 4 ترلیۆن دینارە، بۆیە ناچار هەرێمی کوردستان لە داهاتی ناوخۆی خۆی، ئەم خەرجییانەی ئەنجام داوە لە دوای داشکاندنی مانگانەی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی، وردەکاریی خەرجی و داهاتی هەرێمیش بە شێوەیەکی زۆر ڕون و ئاشكرا، لە چوارچێوەی تەرازوی پێداچونەوە، مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نێردراوە و لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێمیش لە سەرەتای ساڵی 2023 ەوە بە بەردەوامی وردبینی بۆ کراوە.
ئەنجومەنی وەزیران داواکارە لە حکومەتی فیدڕاڵ کە شاندی دانوستانکاری هەردو حکومەت، لە ژێر سەرپەرشتیی لیژنەی وەزاریی پێکهاتو بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، بەردەوامی بە کۆبونەوەکانیان بدەن بۆ گەیشتن بە ڕێكکەوتنێکی هاوبەش تا لە نزیکترین دەرفەتدا، هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەکلایی بکرێتەوە و ئیتر هیچ پاساو و بەربەستێک، نەکرێتە بیانو بۆ کێشەی موچە.
بڕگەی دوەم تایبەت بو بە پێشنیارێکی وەزارەتی داد بۆ هەڵوەشاندنەوەی کارکردن بە بڕیارێکی پێشوی ئەنجومەنی ئابوریی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن فرسەت ئەحمەد، وەزیری داد خرایەڕو و پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی کرد، چونکە بڕگەکانی لەگەڵ یاسای نوێی فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە 1ی ساڵی 2021 ناگونجێت.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەکە دا.
لە بڕگەی سێیەمدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی لەبارەی (ڕێبەری سەلامەتی) پێشکەش کرد کە ئامانجی ئەم ڕێبەرە پاراستنی گیان و سامانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ ئامادە کراوە.
ڕێبەری سەلامەتی؛ بریتییە لە کۆمەڵێک پێوەر و ڕێنمایی کە بە مەبەستی پاراستنی ژیان و سامانی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و پارێزراو لە کۆمەڵگەدا دانراون و بەپێی ئەم ڕێبەرە پێویستە لە دروستکردنی باڵەخانە و کارگە و پڕۆژەی گەورە و بچوک پێویستە ڕەچاوی مەرجەکانی سەلامەتی بکرێت.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە تیمی ئامادەکاری ڕێبەری سەلامەتی و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ، ڕێبەری سەلامەتی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد و دەسەڵاتيشی بە وەزیری ناوخۆ دا بۆ دەرکردنی ڕێنماییی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ڕێبەری سەلامەتی.

 
2025-10-01
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.