بەغدا بیانویەکی دیکە بە هەرێم دەگرێت و کێشە بۆ مووچەکانی داهاتوو دروستدەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی کێشەی داهاتی ناوخۆوە بیانو بە هەرێم دەگرێت و بە کەمکردنەوەی بڕی 120 ملیار دینارەکە کێشە بۆ نەناردنی مووچەی مانگەکانی 8 و 9 دەگرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا دەڵێت "کێشەی مووچە لە رەگەوە چارەسەر نەبووە و ئێستا بابەتی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بووەتە کێشەی سەرەکی".
ناوبراو هۆشداریش دەدات لەوەی بەغدا کەمکردنەوەی ئەو بڕە رەتدەکاتەوە و پێویستە هەرێم پابەند بێت، ئەگەرنا بەغدا دەیکاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە.
بەوتەی جەمال کۆچەر "هێنانە پێشەوەی بابەتی کەمکردنەوەی 120 ملیار دینار بۆ 80 یان 90 ملیار، دوو مەترسیی هەیە؛ یەکەم، حکومەتی عێراق دەڵێت؛ پێویستە وردبینی لە داهاتەکانتدا بکەم، کە ئەمەش دەستوەردان دروست دەکات. دووەم، پێویستە ئەم بابەتە زۆر بەپەلە یەکلابکرێتەوە، ئەگەرنا دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچەی مانگەکانی داهاتوو".
جەمال کۆچەر کە ئوندامی لیژنەی داراییشە ئاماژە بەوە دەدات، بەغدا بە کەمکردنەوەی بڕی داهاتە نانەوتییەکە رازی نابێت و هەروەها دەشڵێت "ئەوانیش کێشەی کەمیی داهاتیان هەیە، بودجەی سێ ساڵەیان داناوە و تەنها لە ساڵی 2023 بڕی 64 تریلیۆن دینار کورتهێنانیان هەبووە، بۆیە ئێستا 6 هەزار پڕۆژەیان راگرتووە و ناتوانن پارەی بەڵێندەر و پارێزگاکان بدەن".
هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا ئەو پەرلەمانتارە هۆشدارییەکی دیکە دەدات و دەڵێت "ئەگەر بەغدا رازی نەبوو و هەرێمیش پابەند نەبوو بە ناردنی 120 ملیار دینارەکەوە، ئەوا دەبێتە بیانوو بۆ بەغدا و دەڵێن؛ هەرێم پابەند نییە. یان هەنگاوی دووەم دەنێن و بەرەو 'مەقاسە' دەڕۆن، واتە راستەوخۆ 120 ملیار دینارەکە لەو 956 ملیارەی مووچە دەبڕن".
سەبارەت بە توانای دارایی هەرێم، ئەو وتیشی "مەنتیقی نییە حکومەتێک بڵێت من 120 ملیار دینارم نییە بیدەم بە بەغدا بۆ ئەوەی مووچەمان بۆ بنێرن. نە داهاتەکانمان ئەوەندە کەمە و نە لە بنەڕەتدا ئەمە پارەیەکی زۆرە کە ملیۆنێک و 150 هەزار کەسی لەسەر سزابدەیت".
جەمال کۆچەر ئاشکراشیکرد "رێککەوتنەکە بەهۆی فشاری نێودەوڵەتییەوە بووە. هەروەها هەردوو حکومەت پێویستیان بەیەکە. حکومەتی داهاتووی بەغدا پێویستی بە پشتیوانیی لایەنە کوردییەکانە، بۆیە ئامادەیە مووچە بنێرێت ئەگەر هەرێم پابەند بێت. لەبەرامبەریشدا هەرێم پێویستی بە بەغدایە، چونکە ناتوانێت بە تەنها 956 ملیار دینار مووچە دابین بکات".
"لە بەغدا پرسیار لەسەر چارەنووسی پڕۆژەی "هەژماری من" دەکرێت کە بۆ تائێستا 'هەژماری من' رادەست نەکراوە و ناخرێتە سەر سیستمی فیدراڵی؟ ئەوان دەڵێن؛ ئەگەر بابەتەکە بۆ چارەسەری لێبڕین و بندیوار نییە، بۆچی رادەستی ناکەن؟".
|