نها نیوز - هەواڵەکان
راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی دەوڵەت داوای لە نوێنەرێکی وەزارەتی دادی هەرێم کردووە ئامادە بێت، بەڵام نوێنەرەکە نەچووە چونکە حکومەتی هەرێم دەڵێت؛ ئێمەش ئەنجومەنمان هەیە کە ئەنجومەنی شورایە، دەشڵێت "پێموانییە کێشەی مووچە بگاتە دادگای فیدراڵی".
هاوڕێ تۆفیق، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق بە ئاوێنە وتووە "بەپێی یاسا دەبێت هەرێم ئەو داهاتە ناوخۆیەی کە هەیەتی نیوەی بگێڕێتەوە بۆ حکومەتی فیدراڵ نیوەکەشی بەکاربهێنێت بۆ کاروبارەکانی خۆی، بەڵام کێشەیەک پەیدا بووە لەهەرێم یاسا و رێنمایی تایبەت بەخۆمان هەیە و بەمەش یاساکانمان لەیاساکانی عێراق جیاوازن، بەپێی یاسا و رێنماییەکانی هەرێم داهاتە ناوخۆییەکان جۆرەکانی جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەو جۆرە داهاتانەی کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پۆلێن کراوە".
ئاشکراشیکرد "لەبەر ئەو کێشەیە حکومەتی مەرکەزی پەنای بردووە بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت و دەڵێت؛ ئێوە بەچ شتێک دەڵێن داهاتی نانەوتی و چی و چی دەگرێتەوە. ئەنجومەنی دەوڵەت داوایکردووە نوێنەرێکی وەزارەتی داد لە حکومەتی هەرێم بەهۆی ئەوەی هەرێمیش ئەنجومەنی شورای هەیە بێت، ئەنجومەنی شورا سەربە وەزارەتی دادە بەڵام ئەنجومەنی دەوڵەتی عێراق لە وەزارەتی داد جیابووەتەوە و لەژێر چەتری ئەنجومەنی باڵای دادوەرییە، بەوەیش نوێنەرەکەی هەرێم نەچووە، چونکە هەرێم وتوویەتی؛ ئێمە ئەنجومەنی خۆمان هەیە ئێمە سیستەمێکی فیدراڵین نەک مەرکەزی".
بەوتەی هاوڕی تۆفیق بێت، ئەنجومەنی دەوڵەت دەتوانێت بەبێ ئەو نوێنەرەی وەزارەتی دادی هەرێم بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر مووچە بدات، چونکە "نوسراوی فەرمییان بۆ رۆشتووە، ئەویش نازانرێت هەفتەیەک دەخایەنێت یان چۆنە!".
راوێژکارەکەی سەرۆک کۆماری عێراق هەواڵێکی خۆش رادەگەیەنێت و دەڵێت "دەستور دەڵێت؛ ئەگەر هاتوو ناکۆکی لەنێوان دوو یاسادا دروستبوو کە پەیوەندی بەهەرێمەوە هەبوو حساب بۆ یاساکەی هەرێم دەکەین".
وتیشی "ئەم کێشەیەی هەرێم و بەغدا ئاڵۆزە بەڵام تارادەیەکی زۆر کێشەی نەوت چارەسەرکراوە، من داهاتی نانەوتی بە شتێکی لاوەکی دەزانم، بۆچی؟ چونکە جیاوازییەکە لەنێوان بەغدا و هەرێمدا پارەکەدایە ئەویش زۆر نییە، هەربۆیە ئەگەر پرسی نەوت چارەسەربکرێت داهاتی ناوخۆکە زۆر بەربەست دروست ناکات".
لەسەر ئەوەی ئایا حکومەتی هەرێم تانە دەدات لەدادگای فیدراڵی؟ هاوڕێ تۆفیق وتی "نەخێر، بەڵکو دەبێت چاوەڕێ بکەین. چونکە تاوەکو ئێستا ئەنجومەنی دەوڵەت راپۆرتی خۆیان نەنوسیووە، رەنگە ئەوەی دەنوسن هەرێم پێی باشبێت. دەبێت چاوەڕێی دەرئەنجامەکە بکەین".
"ئەگەر هەرێم راپۆرتی ئەنجومەنی دەوڵەتیان بەدڵ نەبێت، بە رای سێیەم رێکدەکەون کە کەمکردنەوەی داهاتی ناوخۆیە، ئەگەر بەوەش رێکنەکەوتن؛ ئەوکاتە هەرێم هانا بۆ دادگای فیدراڵی دەبات، هەرچەندە پێموانییە کێشەی مووچە بگاتە دادگای فیدراڵی". هاوڕێ تۆفیق، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق وا دەڵی