پارەیەکی زەبەلاح خەرجکرا و هەرێمیشی تێدایە
نها نیوز - هەواڵەکان
وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکی حکومەت بڕیاریداوە گوژمەیەکی دیکەی پارەی گەنمی جووتیاران لە عێراق خەرج بکرێت کە بڕەکەی 500 ملیار دینارە، نوێنهری حكوومهتی کاربەڕێکەریش له بهغدا، دەڵێت "بەشی ههرێمی كوردستانی تێدابێت".
ئەسیر داود، وەزیری بازرگانیی عێراق، رایگەیاند "سەرۆکی حکومەت ڕەزامەندی داوە لەسەر تەرخانکردنی بڕی 500 ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیاران".
لایخۆشییەوە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وت "سەردانی وەزیری بازرگانی فیدڕاڵم کردووە بەڵێنی بەمن داوە لەو 500 ملیاره بەشی پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بدرێت".
وتیشی "هەر ئەمڕۆ بازرگانی عێراق بەشی پارێزگاکان خەرج دەکات و بەشی هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت".
فارس ئاشکراشیکرد "لە 18/8/2025 لەگەڵ وەزیری بازرگانی فیدڕاڵ کۆبوینەوە و نوسراوی فەرمیم پێداوە کە چەند گەنم ڕادەست کراوە و بڕی پارەکەشی چەندە، ئەوکاتیش بەڵێنی دا، کە بەشی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەو 500 ملیارە دەدرێت".
لە ڕۆژی 10ی 6ی 2025، دەرگای سایلۆکان بەڕووی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کرایەوە و بڕی 391 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کوردستان وەرگیرا.
هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕاشیگەیاند، بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی 800 بۆ 850 هەزار دینار دەدرێت.
|