ئابوری

وردەکاری مووچەی ئەم توێژە یەکلاکرایەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

پرسی خانەنشینکردنی پێشمەرگە، بەتایبەت پلەباڵاکان، بووەتە کێشەیەکی گەرم لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، کە مەترسی کەمکردنەوەی مووچەی هەزاران خانەنشینی لێدەکرێت.

میدیای پارتی بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستاندا، پێشنیاز کراوە کە یاسای ژمارە 38ـی ساڵی 2007ـی پەرلەمانی کوردستان بۆ خانەنشینکردنی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت، لە جیاتی یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینی ساڵی 2014ـی عێراق، چونکە یاساکەی کوردستان ماف و ئیمتیازاتی زیاتر بۆ پێشمەرگە دەستەبەر دەکات.

ئەوەش خراوەتە روو، هەواڵێک بڵاوبووەتەوە کە گوایە حکومەتی عێراق تا کۆتایی ئەمساڵ مۆڵەتی بە حکومەتی کوردستان داوە بۆ ئەوەی یاساکەی بەغدا جێبەجێ بکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مووچەی نزیکەی 20 هەزار خانەنشینی پلەباڵای پێشمەرگە، و لەمەودواش ئیمتیازاتی پێشمەرگە لەکاتی خانەنشینیدا کەم دەبێتەوە، بەهۆی گۆڕانکاری لە هەژمارکردنی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت و هۆکارەکانی تر.

لە وەڵامی ئەم دۆخەدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بڕیاری دا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای پەرلەمانی کوردستان.

لەوبارەیەشەوە حاجی ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە، لە لێدوانێکدا وتی "تەنانەت ئەگەر یاساکەی عێراقیش جێبەجێ بکرێت، ئەوا کاریگەری بۆ ڕابردوو نابێت و تەنیا خانەنشینانی ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو دەگرێتەوە، بۆیە مووچەی هیچ خانەنشینێکی ئێستای پێشمەرگە کەم ناکرێتەوە".

جیاوازیی مووچە لەنێوان یاساکەی عێراق و یاساکەی کوردستان ساڵانە بە نزیکەی سێ ملیار و 300 ملیۆن دینار خەمڵێنراوە. حاجی ئەمین باسی لەوەشکردووە؛ بە ڕوونی بە ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان و وەزارەتی داراییان ڕاگەیاندووە کە بە هیچ جۆرێک ناچنە ژێر باری جێبەجێکردنی یاساکەی عێراق. 

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە دەشڵێت "پێشنیارمان کردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیە لە داهاتی ناوخۆ دابین بکات، بۆ ئەوەی مووچەی هیچ پێشمەرگەیەک کەم نەکرێتەوە و جیاوازی لەنێوان خانەنشینانی ئێستا و داهاتوو و ڕابردوودا دروست نەبێت".
21کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.