ئابوری

ئەنجومەنی دەوڵەت لەبارەی مووچەوە هەنگاوە جیدیەکە دەنێت

نها نیوز - هەواڵەکان

وا بڕیارە سبەی یەکشەممە ئەنجومەنی دەوڵەت، کار لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بکات. سەرچاوەیەکی ئاگاداریش دەڵێت "دوای ڕاوێژکردن بابەتەکە بە نوسراوی فەرمی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێتەوە".

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیای پارتی وت "بڕیارە سبەی یەکشەممە 14/9/2025 ئەنجومەنی دەوڵەت کار لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بکات و ڕاوێژی دەربارەی بکات، دوای ڕاوێژکردن بابەتەکە بە نوسراوی فەرمی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێتەوە".

هاکات بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی گومرگەکان ڕێککەوتوون کە 50% بۆ هەولێر و 50%ـی بۆ بەغدا بێت، بەڵام بەغدا داوای 100%ـی باجی دەرامەت (زەریبەی دەخل) دەکات، هاوکات بەغدا داوای 50%ـی داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کەچی بەپێی یاسا بێت 20%ـی بۆ بەغدایە و 80%ـی بۆ هەولێر خۆیەتی.

جێی ئاماژەیە،  ئەنجومەنی دەوڵەت دادوەرییە و هاوشێوەی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستانە، دەستەیەکی دادوەریی سەربەخۆیە و تایبەتمەندە بە دادوەریی کارگێڕی لە عێراقدا، پێکدێت لە دادگای باڵای کارگێڕی و دادگای دادوەریی کارگێڕی و دادگای دادوەریی فەرمانبەران. هەر بڕیارێک بدات دەبێت هەردوولا، حکومەتی کوردستان و حکومەتی عێراق پێیەوە پابەند بن، ئەنجومەنی دەوڵەت باڵاترین مەرجەعە لە عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هاوڵاتییان و لایەنە کارگێڕییەکان، هەروەها ڕاوێژی یاسایی پێشکەش بە حکومەت دەکات و پڕۆژە یاساکان تاوتوێ دەکات و ئامادەیان دەکات.

ئەوەیش لەکاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە 9/9/2025 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت نارد، بۆ ئەوەی بۆچوونەی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە بدەن و بڕیاری لەبارەوە بدەن.

 
4کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.