لەبەغداوە هیوایەک بۆ مووچەی هەرێم ئاشکراکرا
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەولێر و بەغدا نزیكن لەڕێككەوتن، نزیك بوونەوەش لە هەڵبژاردن كاریگەری دەبێت، چونکە "سودانی بۆ مانەوەی لە پۆستەكەیدا پێویستی بە پشتیوانی و دەنگی لایەنە كوردستانییەكان دەبێت".
موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکدا ئاشکرایکرد "گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق، كە تایبەتن بە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، گەیشتوونەتە قۆناغێكی پێشكەوتوو و نزیكن لە كۆتایی، ئەمەش هیوایەكی نوێ بە دۆخی ئابووریی هەرێم دەبەخشێت".
وتیشی "لەگەڵ نزیكبوونەوەی كاتی هەڵبژاردنەكان، فشارەكان لەسەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و حكومەتەكەی زیاتر دەبن، ئەم فشارانە دەكرێت لەسەر ناردنی پشكی هەرێم لە بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بن".
"هەرچەندە هەڵبژاردنەكان دەكرێت فشار دروست بكەن، بەڵام لەهەمانكاتدا سودێكیشی بۆ هەرێم هەیە، چونكە سودانی ناتوانێت پشتبكاتە هەرێمی كوردستان، چونكە بۆ مانەوەی لە پۆستەكەیدا پێویستی بە پشتیوانی و دەنگی لایەنە كوردستانییەكان دەبێت، ئەمەش دەتوانێت وەك كارتێكی فشار لەبەرژەوەندی هەرێم كار بكات". موسەنا ئەمین وای وت
|