لەبەغداوە دوو مەترسی گەورە لەسەر داهاتووی مووچە راگەیاندرا
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بە دوو خاڵی مەترسیدار لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی دەوڵەت دەکات کە دوێنێ سێشەممە محەمەد شیاع سودانی لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەرزی بکاتەوە بۆ ئەو ئەنجومەنە. بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە؛ ئەنجومەنەکە لەقازانجی هەرێم بڕیارنادات.
شیروان میرزا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە لێدوانێکدا بە ئاوێنەی وتووە "لەداهاتی نەوت هیچ بەرەو پێشچونێکی نوێ نییە و ئێستا کۆمپانیا نەوتییەکان لە کوردستان بەربەست دروست دەکەن، من پێم سەیرە بە دوو حکومەت ناتوانن کۆمپانیا نەوتییەکان رازی بکەن".
لەبارەی ئەنجومەنی دەوڵەتیشەقە کە سودانی کەیسی مووچەی پێداوە، ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرایکرد "هەرێم و بەغدا رایان زۆر جیاواز بووە و ئەو لیژنە یاسایەشی کە سودانی خۆی پێکیهێنابوو کە راوێژکارە یاسایەکەشی تێدابوو پێیان چارەسەر نەکراوە، بەوهۆیەوە دراوە بە ئەنجومەنی دەوڵەت".
میرزا زیاتر لەسەر ئەنجومەنی دەوڵەت ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئەنجومەنەکە ناتوانێت وەکو دادگای فیدراڵی بڕیاری تەواو بدات، بەڵام دەتوانێت شیکردنەوەی یاسایی بکات. دوو خاڵم زۆر پێ گرنگە؛ یەکێکیان ئەوەیە کە لەوبڕوایەدا نییم شیکردنەوەکەیان بەقازانجی هەرێم بێت، بەڵکو بە قازانجی بەغدا دەبێت کە ئەوەی حکومەتەکەی دەیەوێت".
وتیشی "دووەمیش ئەنجومەنەکە ئەو بڕیارەی دەیدات وەکو شیکردنەوەی یاساییی دەبێت و نابێت بە بڕیارێکی بەهێز کە هەموو لایەک ئیجبار بکات بە جێبەجێکردنی. بەوەیش ئەگەر ئەنجومەنەکە چارەسەری پێنەکرا دەبێت هەرێم پەنا بباتەبەر دادگای فیدراڵی".
بەپێی پێشبینی شیروان میرزا، کاری ئەنجومەنەکە کە دوو راپۆرتەکەی لیژنەی هەرێم و بەغدایە "تاوەکو هەفتەی داهاتوو بخایەنێت، چونکە سودانی بەنیازە لەماوەیەکی نزیکدا ئەم بابەتەیە کۆتایی پێبهێنێت".
ئەوەیش لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد و بەهۆی ئەوەی پێشنیارەکان جێی هەڵوەستە لەسەرکردن بوون، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بڕیاریدا یەکلاکردنەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی ئاڕاستەی ئەنجومەنی دەوڵەت بکرێت.
|