نها نیوز – هەواڵەکان
جگە لەوەی وەزیری نەوتی عێراق و وزەی توركیا دیداریان کردووە و لەچاوەڕوانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستاندان، بەڵام ئەمجارە كە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستیپبکاتەوە لە بەندەری جەیهانەوە ئەنقەرە داوا دەکات رۆژانە نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل نەوتی پێدا هەناردە بكرێت، نەك وەكو پێشتر تەنیا 400 بۆ 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بڕوات.
لە پەراوێزی بەشداریكردنیدا لە كۆنگرەی (Gastech) لە ئیتالیا، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق چاوی بە ئاڵپئەرسەلان بایرەكتار وەزیری وزەی توركیا كەوتووە و تیایدا عیزەت سابیر كە لەسەر پشكی كورد (یەكێتیی نیشتمانی) بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراقە بۆ كاروباری غاز، ئامادە بووە لە دیداری هەردوو وەزیرەكەدا.
هاوکات عیزەت سابیر، وەزارەتی نەوتی عێراق وردەكاریی لەبارەی قسەوباسەكانی دیداری هەردوو وەزیرەكە ئاشكرانەكردووە، تەنیا دەڵێ باسی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات كراوە لەبوارەكانی نەوت و غازو وزە.
دوێنێش جێگری وەزیری وزەی توركیا ئاشكرایكرد، عێراق بەفەرمی توركیای ئاگاداركردووە لەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نزیكن لەوەی بگەنە رێككەوتن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان كە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە.
هاوکات توركیا چاوی لەوەیە، ئەمجارە كە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستیپێكردەوە، بۆری عێراق - توركیا كە دەچێتە سەر بەندەری جەیهان بە تەواوی توانای خۆیەوە كاربكات، واتا رۆژانە نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل نەوتی پێدا هەناردە بكرێت، نەك وەكو پێشتر تەنیا 400 بۆ 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بڕوات.
لەبەرامبەردا حكومەتی عێراقیش دەیەوێت دەروازەی نوێ بۆ هەناردەكردنی نەوت دروستبكات، چونكە تائێستا تاكە دەروازە رێگای ئاوییە لە بەسرەوە، لەحاڵی تێكچوونی دۆخی ناوچەدا رەنگە ئەمە عێراق توشی كارەساتی دارایی بكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا عێراق بەرێژەی 98% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینكردنی خەرجییە گشتییەكانی.
جێی باسە، بەمدواییانە بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق هێڵە كۆنەكەی (كەركوك - جەیهان) نوێكردووەتەوە و بۆرییەكە ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، توركەكانیش چاویان لەوەیە نەك تەنیا نەوتی هەرێم، ئەمجارە نەوتی كەركوك و نەوتی هەموو ناوچەكانی باكور لەرێگەی ئەم بۆرییەوە هەناردە بكرێت.
هەروەها جگە لە بۆری كەركوك- جەیهان، ئەم رۆژانەی دوایی حكومەتی سودانی گفتوگۆی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا دەستپێكردووە بۆ زیندوكردنەوەی هێڵی عێراق - بانیاس، دەیەوێت ئەم دەروازەیەش ئامادە بكات، بەڵام هەم دۆخی ئەمنی و پەیوەندی سیاسی ناسەقامگیری نێوان بەغدا و دیمەشق، هەم خەرجی نۆژەنكردنەوەی هێڵەكە رەنگە رێگربن لەوەی بەمزوانە دەروازی سوریا بەڕووی نەوتی عێراقدا بكرێتەوە.