ئابوری

ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا مۆدێلێکی نوێی بەسەردا دێت و دەبێت بە "سێ قۆڵی"

نها نیوز - هەواڵەکان

میدیای پەنجەرە بڵاویکردووەتەوە، كۆمپانیاكان داواى ڕێكه‌وتنێكى سێ قۆڵی لە هەرێم و بەغدا ده‌كات؛ بەڵام عێراق واژۆی نەکردووە و تویەتی هەرێم با واژۆکە بکات، چونکە "هەرێم بەشێکە لە فیدراڵ".

هێشتا حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر شایستەی دارایی ئەو کۆمپانیایانە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی و گفتووگۆیان لەبارەی چەند سیناریۆیەکی جیاواز کردووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی میدیای پەنجەرە، گرێکوێرەی بەردەم ڕێککەوتنى كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراقییدا ئه‌وه‌یه‌، کۆمپانیا نەوتییەکان داوای ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی دەکەن بە جۆرێک هەر سێ لایەنەکە (كۆمپانیاكان، حكومه‌تى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێم) ڕێککەوتنەکە واژۆ بکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م داوایه‌دا، حکومەتی عێراق ئامادەی واژۆکردنی ڕێککەوتنە سێ قۆڵییەکە نەبووە و داوایکردووە هەرێم لە برێ عێراق ڕێککەوتنەکە واژۆ بکات، گوایە هەرێم بەشێکە لە عێراق.

هەر بەپێی ئەو میدیایە، کۆمپانیا نەوتییەکان دەیانەوێت لەڕێگەی ڕێککەوتنی فەرمی و واژۆ لەسەر کراوەوە مەسەلەی شایستە داراییەکانیان یەکلایی بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە یاسا عێراق پابەند بکەن و لە ئەگەری پابەند نەبووندا، هه‌ر لەرێگەی یاساوە مافەکانیان وەربگرنەوە، لەکاتێکدا عێراق ئەمەی ناوێت و خۆی لەو واژۆ فەرمییە بەدوور دەگرێت، چونكه‌ لێكه‌وته‌ یاساییه‌كانى ده‌زانێت.

جێی ئاماژەیە، پێشتریش وته‌بێژی كۆمه‌ڵه‌ى پیشه‌سازیی نه‌وتى كوردستان "ئه‌پیكۆر"، رایگه‌یاندبوو، كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان داواى ڕێككه‌وتنى نووسراو ده‌كه‌ن. بەوەیش ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ هه‌رنارده‌كردنى نه‌وتیشی گرێدابوویه‌وه‌ به‌م ڕێككه‌وتنه‌وه‌.
2025-09-08
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.