ئابوری

دوو خاڵی رێکنەکەوتنی شاندی هەرێم بەغدا کێشەی مووچە قوڵتر دەکەنەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

تاکو ئێستا هەرێم و بەغدا لەسەر داهاتی نا نەوتی نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن، بەوتەی پەرلەمانتارێکی عێراقیش، داهاتی باج و رسوماتی دەروازە سنورییەکان کێشەی نێوان دوو شاندەکەی هەرێم و بەغدای بێ ئەنجام کردووە.

د. جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "تائێستا هەردوو شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر بابەتی داهاتی نانەوتی نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەردوولا سورن لەسەر جێبەكێكردنی داواكارییەكانیان و سازشنەكردن لەسەر هەندێك خاڵ و بڕگە كە دەبێنە هۆی لێك نزیك بوونەوەی هەردوولا".

بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەق پەرلەمانتارە، خاڵی سەرەكی ناكۆكی لەنێوان هەردوو شاند بریتیە لە بابەتی داهاتی باج و ڕسومات، چونكە هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە لە%50ی داهاتی فیدراڵی بۆ هەرێم بێت، بەڵام ناكۆكییەكان لەسەر داهاتی باج، دەروازەكان و رسووماتە، بەجۆرێك بەغدا داوای لە %100ی لە داهاتی باج و رسوومات دەكات و دواتر لە 50٪ی ڕەوانەی هەرێم بكاتەوە، هەرێمی كوردستانیش لە%100ی داهاتی باج و ڕسومات بەمافی خۆی دەزانێت.

جێی ئاماژەشە، لە دواین كۆبوونەوەی هەردوو شاندی هەرێم و بەغدا، شاندی عێراق پێداگربوون لەسەر رادەستكردنی سەرجەم داهاتی ناوخۆ، لەبەرامبەریشدا شاندی هەرێم ڕازی نەبوون بەو داواكارییە، بۆیە نەتواندراوە بگەنە ڕێككەوتن و دەبێت لەم هەفتەیەدا ئەو بابەتە یەكلایی بكرێتەوە لەنێوانیاندا.
2025-09-07
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.