بودجهى ههرێم دێتەوە خاڵی سفر و ڕووبهڕووى ههڕهشهیهكى دیکە کرایەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
بودجهى ههرێم ڕووبهڕووى ههڕهشهیهكى تر دهبێتهوه و یاسای "ئیداره مالی" ههرێم دههێنێتهوه خاڵی سفر، شارەزایەکی ئابوریش دەڵێت "ئەگەر رێککەوتنی بەپەلە نەکرێت بودجەی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو مووچەخۆران تووشی قەیران تەنگەژەی زیاتر دەکاتەوە".
بەهجەت ئەحمەد، شارەزای بواری ئابووری و خوێندکاری دکتۆرا لهو بواره، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند "ڕەنگە ساڵی داهاتوو عێراق بکەوێتە بۆشایی یاسای بودجەوە، چونکە حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت پڕۆژە یاسای بودجە بۆ حکومەتی دوای خۆی ئامادە بکات".
جێی ئاماژەیە، لە ئەگەری کەوتنی عێراق بە بۆشایی یاسای بودجەوە، حکومەتی عێراق بەپێی یاسای ژمارە (6)ـی ساڵی 2019ـی (ئیدارەی مالی) مامەڵە دەکات.
ئەو شارەزایە زیاتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت "یاسای ئیدارەی مالی پێچەوانەی بنەما دەستوورییەکانە و بابەتی خەرجی و داهاتی کردووەتە بابەتێکی تەواو ناوەندی، هەرێمی وابەستە کردووە بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ خەرجکردن و وەرگرتنی داهات".
ئەو باس لە ماددەکانی پەیوەست بە بودجەوە دەکات و دەشڵێت "بەپێی ماددەكانی 28، 29، 30، 31ـى یاسای ئیدارەی ماڵی، دەبێت هەرێم کۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەست بکات. ئەگەر ئەمە نەکات مووچەشی پێنادرێت نەک بودجە، چونکە لە بۆشایی یاسای داراییدا بودجە نامێنێت".
لایخۆشییەوە شوان کەلاری، ئهندامى پەرلەمانی عێراق له فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان رایگەیاند "ئەگەر دەستوبرد نەکرێت بۆ ڕێککەوتن، گرفت دروست دەبێت و ساڵی دارایی تەواو دەبێت. ئەگەریش بچینە ساڵی نوێوە، تەیف سامی (وەزیری دارایی عێراق) ئەمە دەکاتە بیانوو و مووچەی ئەمساڵ نادات".
|