ئابوری

هەرێم و بەغدا لەسەر خاڵە گرنگەکە رێکنەکەوتن

نها نیوز – هەواڵەکان

هەرێم و بەغدا دووبارە لەسەر داهاتە نانەوتییەکان نەگەیشتنە رێككەوتن و بەهۆیەوە مووچەی مانگی ٧ بە نادیاری مایەوە.

وەفدی حكومەتی هەرێم كەلە هەریەكە لە (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و چەند بەڕێوەبەر گشتییەكی وەزارەتی دارایی پێكهاتبوو، لەبارەی داهاتی نانەوتیی و پشكی حكومەتی فیدراڵ لەو داهاتانە، لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق كۆبووەوە. 

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، كۆبوونەوەكە بەبێ رێككەوتن كۆتایی هاتووە و وەفدی هەرێم لە بەغداوە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر.

ئاماژە بەوەشدراوە، چاودێریی دارایی عێراق سورە لەسەر ئەوەی حكومەتی هەرێم دەبێت رێژەی 100%ی داهاتی نانەوتیی رادەستبكات و دواتر لەو بڕە حكومەتی فیدراڵ رێژەی 50%ی بۆ هەرێم بگەڕێنێتەوە.

لەبەرامبەردا، وەفدی حكومەتی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە هەموو داهاتە نانەوتییەكان نابن بە داهاتی حكومەتی فیدراڵ و بەگوێرەی یاسای بەركار هەرێم دەبێت تەنیا رێژەی 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان بگەڕێنێتەوە نەك 50%ی تێكڕای داهاتی نانەوتیی.

جێی ئاماژەیە، ناكۆكی هەرێم و بەغدا لەبارەی خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەسەر دوو تەوەرە، تەوەری یەكەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان و رادەستكردنیەتی بە بەغدا بەمەبەستی فرۆشتنی، تەوەری دووەمیش ناكۆكییە لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم.

زانیارییەکان ئەوەشیان ئاشکراکردووە، ناكۆكییەكان لەبارەی داهاتی نانەوتییەوە هێشتا بەردەوامە و ئەمەش وایكردووە هێشتا رێككەوتنی كۆتایی نەكرێت لەبارەی بەردەوامی ناردنی مووچە بۆ كوردستان تا كۆتایی ئەمساڵی دارایی كە بە تێكڕا مووچەی (6 مانگ)ە.
  
ئەوەشخراوەتە روو، وەفدی حكومەتی هەرێم دوای گەڕانەوە بۆ هەولێر دەرەنجامی گفتوگۆكانی لەبارەی داهاتی نانەوتیی دەخاتە بەردەم سەرۆك وەزیران و پاشان حكومەتی هەرێم بۆچونی خۆی لەبارەی ناكۆكییەكان ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكاتەوە.

جگە لەوەش، لەم نێوەندەدا بۆچونێك هەیە بۆ ئەوەی پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی ببرێت بەمەبەستی بەلاداخستنی ناكۆكییە یاساییەكان سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكان.
 
2025-09-04
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.