هەرێم و بەغدا لەسەر گرنگترین خاڵ رێككەوتن
نها نیوز – هەواڵەکان
بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان رایگەیاند، هەرێم و فیدراڵ رێککەوتون لەسەر سیستەمی (ئەلئەسیکودا)، کەلەماوەکانی پێشوو یەکێک بووە لەناکۆکییە دیارەکان.
بڵند محەمەد مەولود، بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە وەزارەتی دارایی هەرێم لە لێدوانێکدا وتی "هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق رێككەوتن لەسەر سیستەمی (الاسيكودا)، كە لەماوەكانى ڕابردوو يەكێك بوو لە كێشە و ناكوكيیەكانى نێوان هەردوولا و بازرگان و كۆمپانياكانى هەرێمى كوردستان باجى ناكۆكيیەكەيان دەداو كاريگەرى خراپى بۆسەر دۆخى بازاڕ و بازرگانى و ئابورى كوردستان هەبوو".
ئاشکراشیکرد "لە رێككەوتنەكەدا بڕيار دراوە، بە بەكارهێنانى ژمارەى بازرگانى كۆمپانياكان (UEN) كە پێكهاتووە لە چواردە ژمارەى بێ هاوتا، بكرێتە بنەمايەك بۆ وەرگرتن و بەشدارىكردن لە سيستمى (الاسيكودا)".
بڵند محەمەد ئاماژەی بەوەشدا، بۆ لەمەودوا كۆمپانياكانى هەرێمى كوردستان پێويستيان بە ناسنامەى باج (هويەى ضريبى) نابێت و وتیشی "لەگەڵ چارەسەركردنى ئەم كێشەيە كۆمپانياكانى كوردستان بەگشتى دەتوانن وەك كۆمپانياكانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق كارى بازرگانى هاوردە و هەناردەى خۆيان بەشێوەيەكى ئاسايی و ياسايی بەجێ بگەيەنن".
"بەو هيوايەى بڕيارەكە وەك خۆى جێبەجێ بكرێت و كوسپ و تەگەرەى بۆ دروست نەکرێت". بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی هەرێم وای وت
|