نها نیوز - هەواڵەکان
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، بۆ مووچەی مانگی حەوت کەوتووەتەوە سەر راپۆرتی لیژنەکان کە بینێرن بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، چونکە تاوەکو راپۆرتەکە نەچێتە ئەنجومەن؛ مووچەی مانگی حەوت نانێردرێت.
کاروان یاروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە عێراق، لەبارەی مووچەی مانگی حەوت لەلێدوانێکدا بە میدیاکانی راگەیاند "لیژنەکان دەبێت راپۆرتی خۆیان بدەن بە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا، چونکە "تاوەکو راپۆرتەکە نەچێت مووچەی مانگی حەوت نانێردرێت تاوەکو راپۆرتەکەش دوابکەوێت مووچەخۆران زەرەرمەند دەبن. هەروەها ئەگەر لیژنەکان راپۆرتێکی ئیجابییان دابە ئەنجومەنی وەزیران مووچەی مانگەکانی تریش خەرجدەکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، هیچ بڕیارێک لەبارەی مووچە مانگی حەوتەوە نەدراوە، مانگی شەشیش بەبێ هیچ رێککەوتنێک نێردراوە و ناچاریی بووە، یاروەیس جەختیشیکردەوە "مانگەکانی داهاتوو بەستراوەتەوە بە ئەم رێککەوتنەی کۆتایی لەسەر نەوت و داهاتی نانەوتی".
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لەبەغدا مەترسی ئەگەری رێکنەکەوتنی لیژنەکان دەخاتەروو و دەڵێت "ئەگەر لیژنەکان نەگەیشتن بە رێککەوتن بۆ شرۆڤەی یاسای دارایی و "موازەنە" لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی؛ ئەوکاتەیە دەبێت هەردوو حکومەت پەنا ببەنە بەر مەجلسی شورای دەوڵەت یاخود یەکێک لەدادگاکانی فیدراڵ، ئەوانیش شرۆڤەیەکی یاسایی بۆ ئەو ناکۆکیە دەردەکەن و دەبێت یەکلایی بکەنەوە".
"هەرێم و بەغدا لەئێستادا ناکۆکیان هەیە لەسەر داهاتی ناوخۆی و فیدراڵی، چونکە حکومەتی هەرێم دەڵێت؛ من نیوەی داهاتی نانەوتی دەنێرم، بەڵام بەغدا دەڵێت؛ نەخێر دەبێت هەموو داهاتی نانەوتی بنێریت. بۆ ئەوەش دەبێت لیژنەکان یەکلایی بکەنەوە. بەڵام پێموایە ئەو کێشەیە بەردەوام دەبێت". کاروان یاروەیس وا دەڵێ