ئابوری

دوا قۆناغی هەناردەی نەوت و وادەکەی لەبەغداوە راگەیەندرا

نها نیوز - هەواڵەکان

رۆژنامەیەکی عەرەبی رایگەیاند ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە هەناردەرکردنەوەی نەوت گەیشتووتە قۆناغی کۆتایی و تۆپەکە لە گۆڕەپانی لایەنی تورکی دایە.

باسم غرێباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی "ئەلعەرەب ئەلجدید"ی وت "رێککەوتنی نەوتیی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوێکی گرنگە بۆ رێگریکردن لەو زیانانەی عێراق کە بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت، هەروەها یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەخۆگرتو و بە ڕوونی میکانیزمی رادەستكردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاریکراوە.

غرێباوی ئاماژەی بەوەشدا، کۆمپانیای نەوتی باکور بەرپرسیار دەبێت لە وەرگرتن و گلدانەوەی نەوتەكە و دواتر رەوانەکردنی بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا، ئەوە دوای رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ حکومەتی تورکیا.

ناوبراو پێیوایە ئەم هەنگاوە رێگە دەدات کە بەش بەش هەناردەکردنی نەوت لە چەند رۆژی داهاتودا دەستپێبکاتەوە، دوای ئەوەی ئامادەکارییە تەکنیکی و لۆجستیکییە پێویستەکان دەکرێت، ئەو هەنگاوەش رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر داهاتی گشتی دەبێت.

رۆژنامەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، هەناردەی نەوت رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا، کە دیارترینیان پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
2025-08-19
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.