ئابوری

پابەندبوونی هەرێم، هاتنی مووچە مسۆگەر دەکات

نهانیوز-هەواڵەکان

 وادەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کە مەرجە بۆ ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران،  تا ئێستا  دیارنییە و ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ،هۆشداری دەدات و دەڵێت " لە ئەگەری دروستبوونی هەر كێشەیەك بۆ دەستپێكردنەوی هەناردەكردنەوەی نەوت كێشە بۆ مووچەش دروستدەبێت".

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە میدیای یەکێتیی راگەیاند: "بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنەی لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و عیراقدا هەیە، پێویستە حكومەتی هەرێم دەستبە هەناردەكردنی نەوت لەڕێی كۆمپانیای سۆمۆوە بكاتەوە و لە ئەگەری دروستبوونی هەر كێشەیەك بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت بێگومان كێشە بۆ ناردنی مووچە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە دروستدەبێت".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "هیچ زانیارییەكی دروستمان لەبەردەستدا نییە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە وادەیەكی دیاریكراودا، هاوكات گفتوگۆكانی نێوان هەردوولاش لەسەر پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت و مووچە گۆڕانكاری بەردەوامی بەسەردا دێت، و دیارنییە عیراق كەی مووچەی مانگی حوزەیران بۆ هەرێم دەنێرێت، چونكە بەپێی لێكتێگەیشتنەكەی نێوانیان، ناردنی مووچە پەیوەندی بە هەناردەكردنەوەی نەوت و پرسی تەوتین و ناردنی داهاتی نانەوتییە بۆ عیراق هەيە كە مانگانە بڕەكەی 120 ملیار دینارە"

راشیگەیاند، "ئەگەر حكومەتی هەرێم  بەو رێککەوتنەی لە گەڵ بەغدا کردوویەتی،پابەند بێت، پێناچێت هیچ گرفتێك بۆ ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران دروستببێت، بەڵام ناتوانين  وادەی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران دیاريی بكەین".

 
2025-07-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.