ئابوری

بەغدا زۆردارییەکی دیکەی خۆی بەسەر هەرێمدا "دەچەسپێنێت" و قەوارەکەی دەکات بە "کارتۆنی"

نها نیوز – هەواڵەکان

پەرلەمانتارێکی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکردووە، عێراق پێویستی بە هەناردەی نەوتی هەرێم نییە، بەڵكو دەیەوێت لەو رێگەیەوە سەروەری خۆی بەسەر سامانە سروشتییەكانی هەرێمدا بسەپێنێت و ئەوەش سەرەتایەك دەبێت بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتەكانی دیكەی و نەهێشتی فیدراڵی و بردنی هەرێم بەرەو قەوارەیەكی كارتۆنی.

د. ئاسۆ فەرەیدون، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە نوسینێكدا لە لاپەڕی فەرمی خۆی لە فەیسبوك لەبارەی رێككەوتنەكەی بەغدا و هەرێم نوسیویەتی "عێراق پێویستی بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە لەرووی دەرهێنان و هەناردەکردنەوە گرانتر دەوەستێت بەبەراورد بە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق".

د. ئاسۆ وتوشیەتی "عێراق نەوتی هەرێمی کوردستانی دەوێت بۆ چەسپاندنی سەروەری بەسەر سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی ماددەی (112)ی دەستوریی کە چیتر (هەرێم بەناوچەیەکی نەوتی نەناسرێت) ."

بەڕای د. ئاسۆ فەرەیدون بێت، ئەو هەنگاوە سەرەتایەک دەبێت و دواتر پەلدەکێشێت بۆ جێبەجێکردنی مادەی 110ی دەستور کە پەیوەستن بە دەسەڵاتی ڕەهای حکومەتی مەرکەزی لە دەستووردا وەکو پەیوەندیەکانی دەرەوە و خاڵە گومرگییەکان و ئاسایشی نیشتمانی و دواڕۆژی هێزی پێشمەرگە.

ناوبراو خاڵە هەستیارەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ فیدراڵی لە عێراق ناهێڵێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرەو قەوارەیەکی کارتۆنی دەبات."

هێمای بۆ ئەوەشکرد "هەڵبەت لەئێستادا و بە ڕابردووشەوە رەخنەی زۆر توندمان هەبووە لە سیاسەتی نەوتی (ناسەرکەوتووی) حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەناوی ئابووری سەربەخۆوە کاری لەسەردەکرا، هەروەها رەخنەمان هەبووە بەرامبەر نادادی کۆمەڵایەتی و نەبوونی یەکسانی لەنێوان بەرپرس و هاوڵاتییان. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە دژبە قەوارەی هەرێمی کوردستان بوەستینەوە، چونکە قەوارەیەکە موڵکی خەڵکی کوردستانە و موڵکی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەرە، نەک بەتەنها موڵکی یەکێتی و پارتی."

ئەندامەکەی پەرلەمانی یەکێتی لە بەغدا لە نوسینەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە "دەستخۆشی لەهەر هەنگاوێک دەکەین کە پێگەی کورد وەک دامەزرێنەر و کۆڵەکەیەکی سەرەکی دەوڵەتی عێراق بەهێزتر بکات لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا و شەراکەت و تەوافق لەناو عێراقدا بەهێزتر بکات ئەویش بە پاراستنی تایبەتمەندی میللەتی کورد و خەبات و مێژوەکەی."

وەک د. ئاسۆ دەڵێت "یاریکردنی بەغدا لەسەر ئەم وەتەرە، ناسەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە دروست ئەکات، بۆیە لە قازانجی هیچ لایەنێکیدا نییە کە سەروەری خاکی عێراق و پێکهاتەکانیشی بخاتە مەترسییەوە."

ئەو لە کۆتایی نوسینەکەیدا پێشنیاریكردوە، پێویستە لەسەر هەرێمی کوردستان بەپەلە چەند خاڵێك ئەنجام بدات، وەك، "پێکهێنانی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بێ گوێدانە ژمارەی کورسی و ئەم حکومەتە متمانە لە پەرلەمانی کوردستانەوە وەربگرێت".

"حکومەتی دامەزراو بڕیار لەسەر بەشداری کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق لە ئایندەدا بدات و بە پشتبەستن بەداهاتی ناوخۆی حکومەتی دامەزراوی نوێی هەرێم، بەهەر شێوەیەک بێت مووچە دابەش بکات". د. ئاسۆ فەرەیدوون وا دەڵێ
 
2025-07-21
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.