ئابوری

لیژنەی وەزارەتی نەوت راپۆرتەکەیان تەواو کرد و ئاراستەی بەغدایان کرد

نها نیوز – هەواڵەکان

ئەمڕۆ لیژنەی وەزارەتی کە راسپێردرابوون بۆ لێکۆڵینەوە لە توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم ئەرکەکەیان تەواو کرد و راپۆرتیان پێشکەشکرد بە بەغدا، بەڵام بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ 81 هەزار بەرمیل دابەزیوە.

بەپێی میدیای یەکێتی، ئێوارەی ئەمڕۆ لیژنەی وەزارەتی نەوت کە راسپێردرابوون بۆ لێکۆڵینەوە لە توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، کارەکانیان کۆتاییهات و راپۆرتی خۆیان ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراق کرد.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراقەوە بەمیدیای یەکێتی وت "لە راپۆرتی لیژنەکەدا هاتووە، بەهۆی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکان، هەرێمی کوردستان تەنیا توانای بەرهەمهێنانی 81 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەیە".

بەو پێیەی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دا هاتووە، لەو بڕە نەوتەی کە بەرهەم دەهێندرێت 50 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ ناوخۆ بەکاردێت، ئێستا هەرێمی کوردستان دەتوانێت تەنیا 31 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەرێگەی سۆمۆوە هەناردە بکات.

میدیای یەکێتی ئەوەشی ئاشکراکردووە "سبەی وەزارەتی نەوتی عێراق بە نوسراوێکی فەرمی، راپۆرتێک ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان بۆ رەوانە دەکات".

وتوشیەتی "لەماوەی دوو مانگی رابردوودا بە 48 درۆن هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکان کە بەهۆیانەوە کۆمپانیاکانی بواری نەوت ناچاربوون بەرهەمهێنانی نەوت رابگرن".

جێی ئاماژەیە؛ هەر ئەمڕۆش، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکان، توانای بەرهەمهێنانی نەوت کەمبووەتەوە.

 
2025-07-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.