فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەی رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا لەگەڵ سودانی کۆبوەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە و پرسی مووچە و نەوت و رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک وتویەتی "بە یاوەری سەرۆک و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی هەرێم کەمال ئاغا و مەلا کەریم شکور سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کردووە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر چەند پرسێکی هەنوکەیی و بەتایبەت لێکتێگەیشتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە نەوت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ئاشکراشیکرد "لەکۆبونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە گرنگی زمانی گفتوگۆ و دانوستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشە و ئاڵنگارییەکان وپاراستنی مافی هەموو هاوڵاتیانی عێراق لەچوارچێوەی یاساکان و دەستوری هەمیشەیی".
د. نەرمین مەعروف وتوشیەتی "سەردانیکردنەکە بەمەبەستی گەیاندنی چەند داواکارییەکی پەیوەندیداربوو بە مافی هاوڵاتییان لە چین و توێژە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بە سوپاسەوە سەرۆک وەزیران رەزامەندی لەبارەیانەوە دەربڕی".
|