ئابوری

وادەی ناردنی مووچەی مانگی پێنج و شەش لەلایەن پارتییەوە راگەیەندرا

نها نیوز – هەواڵەکان

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، سبەی بەغدا مووچەی مانگی پێنج خەرج دەکات و دەشڵێت "بەڵام مووچەی مانگی شەش بەستراوەتەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوت".

ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناردنی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشەوە لەبەغداوە، بە میدیای پارتی راگەیاند "سبەی یەکشەممە مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە خەرج دەکرێت و بڕگەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکەش وردە وردە دەچنە باری جێبەجێکردنەوە و هەناردەکردنەوەی نەوتیش دەستپێدەکات، مووچەی مانگی شەشیش گرێدراوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتەوە".

ناوبراو لەبارەی رێککەوتنەکەشەوە وتی "دوای پەککەوتنی دادگەی فیدڕاڵی، پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگەیەکی دوور و درێژی بڕی و دەستی بە هەوڵ و گوشارەکانی کرد بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

وتیشی "چەند هەفتەیەک پێش ئێستا جارێکی دیکە دەستمان بە گوشارەکانمان کردەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لە کشانەوەی لە بەغدا  و بەشدارینەکردنی کرد لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان".

دلێمی باسی لەوەشکرد "یەکێک لە خاڵەکان ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو بە سۆمۆ ئەمە هەر زوو ڕەزامەندی لەسەر درا، حکومەتی عێراق داوای 120 ملیار دیناری مانگانەی دەکرد، بەڵام هەرێمی کوردستان سەرەتا ئەو داوایەی قبووڵ نەکرد دواتر سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەپێناو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە داواکەی بەغدا ڕازی بوو".

سەبارە بە ناکۆکییەکانیش، ئەو ئاشکرایکرد "یەکێک لە گوشارەکانی هەرێمی کوردستان کە کاریگەری هەبوو بۆ گەیشتن بە خاڵی ڕێککەوتن، هەڵوێستەکەی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بوو کە لەنێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی لە کشانەوەی کورد لە حکومەتی عێراق  و بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن کرد لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، فوئاد حوسێن بە ڕوونی لەنێو کۆبوونەوەکە گوتی ئەگەر مووچەی نەنێردرێت بەشداریی لە هەڵبژاردن ناکەین و بوومەلەرزەیەکی سیاسی ڕوودەدات".

پەیوەست بە رێگا دیپلۆماسییەکانیش ئەندامەکەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "دوای ئەو گوشارانە حیزبە شیعییەکان و ئەمریکاش هاتنە سەر هێڵ و هەوڵەکان چڕ کرانەوە و دوای 20 ڕۆژ لە گفتوگۆی چڕ هەولێر و بەغدا گەیشتنە ڕێککەوتن".

ئەوەیش لەکاتێکدایە، بەهۆی نەناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، نزیکەی 80 ڕۆژە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدراوە، دوای گفتوگۆیەکی زۆر و چەندین کۆبوونەوە و گۆڕینەوەی پەیام، هەردوو حکومەتی عێراق و کوردستان لەبارەی نەوت و داهاتی ناوخۆ و مووچە ڕێککەوتن و ئەم هەفتەیە دەچێتە باری جێبەجێکردنەوە.
2025-07-19
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.