بەربەستێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دروست دەبێت
نها نیوز – هەواڵەکان
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، "نزیك نییە"، چونکە نوسراوی فەرمیان پێ نەگەیشتووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە رایگەیاندووە "وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نزیك نییە، هەرچەندە بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم دەبێت دەستبەجێ دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتەكە بكرێتەوە".
ئاژانسەکە بەپشت بەست بە سەرچاوەیەك لە كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان-ئەپیكۆر هۆکارەکەی ئاشکراکردووە و دەڵێت "هەناردەكردنەوەی نەوت بەندە بەوەی كە رێككەوتنی نوسراویان رادەست بكەن".
هەروەها سەرچاوەیەكی دیكە لە كۆمپانیاكانی "كار گروپ"، كە هێڵی بۆری نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بەڕێوەدەبات، بە رۆیتەرزی وتووە "هێشتا هیچ ئامادەكارییەك نەكراوە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت".
ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی دەقی رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم كە دوێنێ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەندكرا؛ وەزارەتی دارایی عێراق دەست دەكات بە خەرجكردنی مووچەی مانگی ئایار وەك سەرەتایەك بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، ئەوەش لەدوای ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ/ كۆمپانیای سۆمۆ، رادەستكردنی تەواوی ئەو بڕە نەوتەی كەلە بڕگەی یەكەمی رێككەوتنەكەدا هاتووە، لە بەندەری جەیهان، پشتڕاستدەكاتەوە.
|