نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری پیشەسازیی عێراق گەشبینی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە داهاتی نەوتی و نانەوتیی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت کە ساڵانێکە هەڵپەسێردراون، راگەیاند.
خالید بەتال، وەزیری پیشەسازیی عێراق لەبارەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان و عێراق لەبارەی چەند پرسێكەوە بە میدیا عێراقییەكان وت "بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە داهاتی نەوتی و نانەوتیی هەرێمی کوردستان کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت چارەسەر دەکات، کە ساڵانێکە هەڵپەسێردراون، ئەمە جگە لەوەی گەرەنتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەشی لەخۆگرتووە".
وتیشی "ڕێککەوتنی تایبەت بە ڕادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیی هەرێمی کوردستان، ماوەیەک لیژنە تەکنیکییەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم گفتوگۆیان لەسەرکرد، بەجۆرێک تاوتوێی کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە داهاتەکان و بە بانکیکردنی مووچەی هەرێمیان کرد، دواتریش لە ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێکران، چونکە بەشێک لەو پرسانە پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران هەیە".
لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی 16ـی ئەم مانگە حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە بكەین و بڕیارماندا بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، دوێنێ بە ئامادەبوونى سەرجەم وەزیرەکان کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەستیپێکرد، تێیدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی بەغدا واژۆی لەسەر ناردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كرد.