ئابوری

ئەمریکا هەرەسهێنانی ئابووری عێراق لەمساڵدا رادەگەیەنێت و بەغداش "خەمسارد"ە

 نها نیوز – هەواڵەکان

بەپێی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ئابووری وڵاتی عێراق لە مەترسیدایە و داهاتی تاک کەمە، بەڵام ئەو وڵاتە بەبێ گوێدانە مەترسییەکە لەپێناو هەڵبژاردن بەردەوام "خەڵک" دادەمەزرێنن.

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی کە بارەگای سەرەکیەکەی لە واشنتنی ئەمریکایە لە هۆشدارییەکدا بە عێراق دەڵێت "ئابووریەکەت لە مەترسیدایە و داهاتی تاکت کەمە، زۆرترین کەسیش لە کەرتە گشتییەکانت کراوەتە مووچەخۆر".

هەر بەپێی هۆشداریەکە، بەرپرسانی عێراق ئەم مەترسیانە بەجددی وەرناگرن و لەپێناو بانگەشەی هەڵبژاردنی هێشتا بەردەوامن لە دامەزراندنی خەڵک.

لایخۆشیەوە سەفوان قوسەی پسپۆڕێکی ئابووری ئاشکرایکردووە "بەرخۆری و تاکە سەرچاوەی داهات، گەورەترین مەترسین لەسەر ئابووری عێراق، لەهەرکاتێکدابێت ئەگەری هەرەسهێنانی ئابووریەکەی هەیە، کەرتی تایبەتیش بەتەواوی پشتگوێخراوە".

وتیشی "هۆشدارییەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی زۆر مەترسیدارن و پێویستە بەرپرسانی عێراق بەجددی وەریبگرن. گرنگە حکومەت بەوردی لێکۆڵینەوە لە هۆشدارییەکان بکات، چونکە ڕاپۆرتەکە سەرنجی لەسەر کەمی داهاتی تاکی عێراقییە، وڵاتەکە ئێستا خەرجی زیاترە لەداهاتی ئەمەش مەترسیدارە".

قوسەی ئاماژەی بەوەشداوە، گرنگە عێراق بە تەنیا پشت بە بەرهەمی نەوتی نەبەستێت و "بەندەری فاو تەواو بکرێت بەزووترین کات، هەندێک داهاتی دیکەش هەیە عێراق دەتوانێت سودیان لێوەرگرێت بۆ کەمکردنەوەی قەرزی ناوخۆیی".

جگە لەوەش، لەگەڵ هۆشدارییەکانی سندووقی دراو نێودەوڵەتی و ئەگەری هەرەسهێنانی ئابووری عێراق بەهۆی سیاسەتی ئابووری هەڵە و لاوازی کەرتی تایبەت و پشتبەستن بە نەوت، هێشتا لایەنی سیاسی هەن قومار بەم ئابوورییەوە دەکەن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن خەڵکی زیاتر دادەمەزرێنن، ئەمەش مەترسی هەرە گەورەیە وەکو چاودێران باسی دەکەن.

هەروەها ئەو هۆشداریانەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بەرامبەر عێراق بڵاویکردوونەتەوە، بەلای پسپۆڕانی ئابوورییەوە ئاماژەن بۆ شکستی حکومەت لە دۆزینەوەی جێگرەوەی نەوت و ئابووری بەرخۆر، پشتگوێخستنی هۆشدارییەکانیش عێراق دەخاتە بەردەم قەیرانێکی ئابووری مەترسیدارەوە. 
 
11کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.