دوو خاڵی ناکۆکی لەسەر پرسی مووچە دەگاتە لێواری رێککەوتن
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەو لیژنە پێنج کەسیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ مووچە دروستیکردووە کارەکانی لە کۆتایی نزیکبونهتەوە و گفتوگۆ لەبارەی دو خاڵی کۆتایی دەکات کە هەرێم و بەغدا بەرەو رێککەوتن دەبات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە میدیاکانی وت "گفتوگۆکان گەیشتونەتە قۆناغێک کە گەمارۆی ناکۆکیەکان دراوە و محەمەد شیاع سودانی دەیەوێت بە ڕێککەوتنێک زووبەزوو کێشەکە چارەسەر بکات بەجۆرێک خواست و داوای هەولێر و بەغدای تیادا جێگە بکرێتەوە".
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە "راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە ئیحراجی گەورەی بۆ کابینەکەی سودانی دروستکردووە و بۆیە هەوڵەکان بۆ ڕێککەوتن چڕکراونەتەوە و ئەگەر پێشهاتی دیکە نەیەتە پێش ئەوا پێدەچێت ڕێککەوتنی نێوانیان لە ئان و ساتدا بێت".
وتوشیەتی "ئەو دوو خاڵەی کە ناکۆکی هەولێر و بەغدای لەسەر ماوە و لیژنە تایبەتەکەی ئەنجومەنی وەزیران سەرقاڵی چارەسەرکردنییەتی کە بریتین لە داهاتی ناوخۆی هەرێم و داهاتی فیدڕاڵی کە بەغدا داوای نیوەی ئەو ژمارەیە دەکات کە پێشتر حکومەتی هەرێم داویەتی بە حکومەتی فیدڕاڵی (واتا 175 ملیۆن دۆلار، چونکە هەرێم وتویەتی؛ داهاتی مانگانە دەگاتە 350 ملیۆن دۆلار)، بەڵام هەولێر ئەو داوایە ڕەتدەکاتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا "هەرێم دەڵێت؛ ناتوانێت گەرەنتی بدات لەدیاریکردنی داهاتی مانگانەی ناوخۆ و داهاتی فیدڕاڵی چونکە مانگانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆ ئەوەش بەغدا دەیەوێت ئەو ڕاپۆرتەی هەرێم لەبارەی داهاتەوە پێشکەشی دەکات پێویستە لەلایەن چاودێری دارایی عێراقەوە پشتڕاستبکرێتەوە، واتا بەغدا بەدوای دڵنیایی لە قەبارەی داهاتی ناوخۆ و فیدڕاڵیدا دەگەڕێت".
سەرچاوە ئاگادارەکە ئاشکراشیکردووە "خاڵی دووەمی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا بریتییە لە نەوت، هەولێر داوا دەکات رۆژانە 68 هەزار بەرمیل نەوتی پێبدرێت لەو بڕەی لە کوردستان بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام تائێستا حکومەتی فیدڕاڵی ڕەزامەندی لەسەر 50 هەزار بەرمیل نەوت داوە کە بدرێتە حکومەتی هەرێم، واتا ئێستا تەنها 16 هەزار بەمیل نەوت جیاوازیان هەیە".
لیژنەكەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتیی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانانە و هەریەكە لە بەنگین رێكانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن (لە پشکی پارتی)، خالید شوانی وەزیری داد (لە پشکی یەکێتی)، ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی و نەعیم عەبودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تێیدا ئەندامن.
|