ئابوری

چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەی مووچەی هەرێم خرایە روو

نها نیوز - هەواڵەکان

پەرلەمانتارێکی کوردی عێراق وێڕای ئەوەی دژی رێككەوتنی هەرێم و بەغدایە لەبارەی مووچەوە، بەڵام چەند چارەسەرێکیش لەبارەی ڕێکنەکەوتنەکەوە ئاشکرا دەکات.

موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد "چارەنوسی مووچە بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی حكومەتی هەرێمەوە".

وتیشی "حكومەتی هەرێم تا كێشەی هەناردەی نەوت و لیستی مووچە و تەوتین و رادەستكردنی داهاتەكانی چارەسەر نەكات بەغدا ئامادەنییە كێشەی مووچە چارەسەر بكات، بەرپرسیارێتیەكەشی دەكەوێتە ئەستۆی هەرێم".

بەوتەی د. موسەننا "حكومەتی هەرێم بەپێی یاسای بودجە و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەبێت نەوت لەرێگەی سۆمۆوە بفرۆشێت، بەڵام حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە تاڵانكردنی نەوت".

لەبارەی هەڵوێستی سودانیشەوە ناوبراو رونیدەکاتەوە، کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبەردەم "ئیحراجیەكی" گەورەدایە، لەكاتێكدا هەرێم نەوت رادەست ناكات و داهاتی ناوخۆش وەك پێویست نادات. هاوکات دەشڵێت "حكومەتی هەرێم زانیارییەكان ئاشكرا ناكات".

ئەو پەرلەمانتارەیە کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووت ئیسلامییە باس لەوەش دەکات "ئیرادەیەكی راستەقینە بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە لەلایەن هەرێمەوە بوونی نییە"،  ڕاشیگەیاند "حكومەتی هەرێم هیچ راستیەك بە خەڵك و ئێمە ناڵێت".

"نابێت رێكبكەون دەبێت یاسا و دەستور جێبەجێ بكەن، ئێمە دژی رێككەوتنین، دەبێت رێكبكەون لەسەر یاسا و بڕیارەكانی دادگا، واتە ئێمە دژین لەگەڵ رێككەوتن ئێمە لەگەڵ یاسا و بڕیارەكانی دادگاین، كە مافی خەڵك جێگیرە". د. موسەنا ئەمین وا دەڵێت

ئاماژەی بەوەشدا "هەرێم لە ویژدانی خۆیدا لاواز بووە، ئەگەر بەغداد بێتە سەر هەرێم رێژەیەكی زۆری خەڵك ئامادە نیە بەرگری بكات".

د. موسەننا ئەمین لە درێژەی وتەکانیدا ئەوەشی وت "تۆی هەرێم بەبێ شەرمانە دەڵێیت؛ داهاتی نەوت بۆ حكومەت سفرە، ئامادەش نیت بیدەیتە بەغدا".
21کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.