ئابوری

سەرۆک کۆماری عێراق داوای دەرکردنی یاسایەکی "مەحاڵ" دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان 

سەرۆک کۆماری عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا داوای دەرکردنی "یاسای نەوت ‌و غاز" دەکات.

د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "مۆندۆی ئیسپانی" وتویەتی‌ "سەبارەت بەناکۆکی‌ و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ڕۆژانە پەیوەندیی لەنێوانیاندا هه‌یه‌ بۆ تاوتوێکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بۆ چارەسه‌رکردنی ئەو کێشانەش، دەبێت یاسای نەوت ‌و غاز دەربکرێت".

وتوشیەتی "عێراق هەر جۆرە پێشێلکارییەکی ئاسمانی وڵاتەکەی لەشەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل ‌و ئێران ڕەتدەکاتەوە، هاوکات ده‌شڵێت "دەبوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لەو ماوەیەدا ئاسمانی عێراق بپارێزێت".

هەر بەپێی وتەی سەرۆک کۆمار "ئێمە ئیدانەی پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق لەکاتی شەڕی نێوان هەردولا دەکەین، ئێمە داوای کڕینی سیستەمی بەرگریی بۆ پاراستنی ئاسمانی خۆمان دەکەین، به‌ڵام دەبوو هێزەکانی هاوپەیمانان پارێزگارییان لە ئاسمانی عێراق بکردایە".

د. لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەشداوە "بونی هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکانی نێوان واشنتۆن ‌و حکومەتی عێراقە، هەروەها چارەنوسی بەردەوامبونیان یان ڕۆیشتنیان، پەیوەستە بەدانوستانەکانی نێوان حکومەت‌ و ئەمریکاوه‌".

سه‌رۆك كۆمار له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا هۆشداریداوه‌ لەمەترسی گروپە چەکدارەکان‌ و ئاشکرایکردووە، "داعش لەهەموو شوێنێک مەترسی دروستدەکات نەک تەنها لەعێراق، بەڵام ئەوە ئەو مەترسییە نییە کە لەڕابردوودا رووبەڕووی بوینەوە، چونکە شکستی نەهێناوە، ئەو تاوانانەی کە بەتایبەتی دژی ئێزدییەکان ئەنجامیاندا، لەبیرمان ناچێتەوە".

سەبارەت بەچەکهەڵگرتنیش له‌عێراق ‌و بونى میلیشیا، ناوبراو وتی "سیاسەتی حکومەت ئاشکرایە، دەبێت چەک لەڕێگەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانەوە لەدەستی دەوڵەت دابێت".

له‌باره‌ى هەڵبژاردنی داهاتوشه‌وه‌، له‌تیف ڕه‌شید رایگەیاند "داوا لەهەموو هێزە سیاسییەکان دەکەم بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن، بەتایبەتی ئەو هێزانەی بایکۆتیانکردووە".

ئەوەشی خستە روو "پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ چارەکردنی کێشەکان ‌و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی‌و پرسەکانی دیکە، بەڵام بایکۆتیش دیاردەیەکی سروشتیە و لەهەموو وڵاتاندا ڕودەدات".
17کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.