لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم ناکۆکیی لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست دەبێت
نها نیوز- هەواڵەکان
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، لەنێوان حکومەتی کاربەڕێکەر هەرێم و بەغدا گرفت لەسەر ئەو 115 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە دروست بووە کە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم دەڵێت بۆ ناوخۆ بەکاریدەهێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق دروستبوونی گرفتێک لەنێوان حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم و بەغدا ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت: "لە نێوان هەولێر و بەغدا کێشە لەسەر 115 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دروست بووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت بۆ ناوخۆ بەکاریدەهێنێت".
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشکردووە: "وەزارەتی نەوتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە، ئەو 115 هەزار بەرمیل نەوتە بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانی ناوخۆیی نییە و حکومەتی هەرێم دەیدات بە کۆمپانیاکان و ئەوانیش بە نرخی بازرگانیی دەیفرۆشنەوە بە هاوڵاتییانی هەرێم".
ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق جەختیش دەکاتەوە لەوەی، پێویستە ئەو 115 هەزار بەرمیل نەوتە بەکاربهێنرێت بۆ فرۆشتنەوەی نەوت و بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو و لە هەرێمی کوردستانیش نرخی لیترێک بەنزین ببێت بە 450 دینار و نەوتیش بەو نرخەی عێراق دایناوە بدرێتەوە هاوڵاتییان، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەیداتە کۆمپانیاکان و ئەوانیش بە نرخی بازرگانی بەهاوڵاتییانی هەرێمی دەفرۆشنەوە.
هەروەها، سۆران عومەر بەرپرسیارێتیی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی خستە ئەستۆی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم و ڕاشیگەیاند: "ناکرێت حکومەتی هەرێم نەوت و داهات نەداتە بەغدا و داواشی لێ بکات مووچەی بۆ بنێرێت".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: "حکومەتی هەرێم بەرمیلێک نەوت بە 35 دۆلار دەفرۆشێت و بەرپرسانی هەرێم لێی سوودمەند دەبن، بەڵام ئامادە نییە نەوتەکە بداتە بەغدا و هەر بەرمیلێک بە 65 دۆلار بفرۆشرێت و هاوڵاتییانی هەرێم لێی سوودمەند بن".
|