هەنگاوە چارەنووسسازەکە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هەرێم دەستیپێکرد
نها نیوز- هەواڵەکان
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، لە دوێنێوە گفتوگۆکان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە دەستیپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا حکومەتی کاربەڕێکەر و حکومەتی فیدڕاڵی بگەنە رێککەوتن و کێشەی هەناردەی نەوت و نەناردنی موچە بێت کۆتایی بێت.
ئەمڕۆ شەممە، سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکدا ڕاگەیاند: "ئیرادەیەکی باش هەیە بۆ ئەوەی هەرێم و بەغدا بگەنە رێککەوتن و نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەستپێبکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە دوێنێوە گفتوگۆ دەستیپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیک بگەنە ڕێککەوتن و کێشەی هەناردەی نەوت و نەناردنی مووچە بێت کۆتایی بێت".
ئاماژەی بەوەش کرد: "شاندێکی حکومەتی عێراق، لە وەزارەتی نەوت، دارایی، تەکنیکی و سیاسی پێکهاتووە، لە دوێنێوە دەستیان بە گفتوگۆ کردووە و بەردەوامن، چاوەڕێ دەکرێت لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی ڕاپۆرتێک ئامادە بکەن، لێکنزیکبوونەوە لەنێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا هەیە، هەر بۆیە ئەو کێشانەی هەبوون زەحمەت نین چارەسەر بکرێن".
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لەبارەی چۆنیەتی ڕێککەوتنی هەولێر بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، وتی: "ئێستا 110هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ بەکار دێت، حکومەتی هەرێم دەتوانێت 280 هەزار بەرمیل بۆ 300 هەزار بەرمیل لەڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردە بکات کە هەمووی دەکاتە 400 هەزار بەرمیل، ڕێککەوتنەکەش هەر بەو جۆرە کراوە، بۆیە ئەو ڕێککەوتنە تەواو بکرێت کێشەی موچە چارەسەر دەبێت و مانگانە مووچە ڕەوانە دەکرێت.
سەباح سوبحی ڕاشیگەیاند: "ماددەی 12 هەیە لە یاسای بودجە باس لەوە دەکات دەستەیەکی ڕاوێژکاری بیانی بێن کاری خۆیان بکەن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئەمەش لەدوای ڕێککەوتنی دێت".
سەبارەت بە هەنگاوەکان بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە، پێویستە عێراق دوو هەنگاو بنێت؛ ئەوانیش قەرزی کۆمپانیاکان بداتەوە و گرەنتییەکی بۆ پێدانی پارەی ئەوان هەبێت، بۆیە ئەم جارە ئومێدێک هەیە، گفتوگۆکانیش زۆر درێژە ناکێشن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن، هەر بۆیە دڵنیایی دەدات کە "ئێستا لەو خاڵەی پێشتر لێی وەستابوون دەست بە گفتوگۆ کراوەتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش نیەتێکی هەیە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت".
ئەوەش دەخاتەڕوو: "ناکرێت تا هەشت مانگی دیکە خەڵک موچە بێت، هەرێمی کوردستانیش ئامادەیە هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، (ئەپیکور)یش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، تەنها داوایان کردووە دوو خاڵ جێبەجێ بکرێت، ئەوانیش دانەوەی قەرز و زەمانەتێک بۆ سەرفکردنی 16 دۆلاری دەرهێنانی نەوت".
|