ئابوری

ئەپیکور بە دوو مەرج ئامادەیی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئاشکراکرد

نها نیوز- هەواڵەکان

ئەپیکور لەسەر دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم و ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی ناوەند، رایگەیاند؛ بەدوو مەرج ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەکە و ئەوانیش؛ ڕێککەوتنێکی نووسراو هەبێت لەنێوان بەغدا و کۆمپانیاکان، هەروەها شایستە داراییەکانیان بە شەفافی و خێراترین شێوە لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکە بە بەندەری جەیهان وەربگرن.

ئەمڕۆ شەممە، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە (ئەپیکور) ڕاگەیاندراوێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە: "وەک کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور، خواستی خۆمان دووپات دەکەینەوە دەستبەجێ هەناردەى نەوت لە رێگەی بۆری عێراق-تورکیاوە دەستپێبکەینەوە، هەر کاتێک ڕێککەوتنێکی نووسراو بێتە ئاراوە".

هەروەک لە ڕاگەیاندراوەکەیدا هاتووە، مەرجی دووەمی ئەپیکور ئەوەیە؛ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم، شایستەى داراییان بەشێوەى کاش لەگەڵ گەیشتنى نەوتەکە بە بەندەرى جەیهانى - تورکیا وەربگرن، پێشیان وایە، بەم جۆرە دڵنیایی دەدرێت کە هەموو لایەنەکان مافەکانیان بە شەفافى و خێراترین شێوە لە چوارچێوەی مەرجەکانی گرێبەستەکاندا وەربگرن.

ئەپیکور باسی لەوەش کردووە، چەند مانگێکە لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێککەوتوون لەسەر هەماهەنگیی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیاى سۆمۆوە.

پێشتر کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم ناکۆکییان لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراقدا هەبوو، بەجۆرێک ئەپیکور داواى دەکرد لەگەڵ بەرهەمهێنانى نەوتەکەدا شایستەى دارایى خۆیان وەربگرن و وەزارەتى نەوتیش پێشنیازی کردبوو.  پاش فرۆشتنى نەوتی هەرێم لەلایەن سۆمۆوە ئینجا شایستە داراییەکانیان پێ بدرێت.

2025-06-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.