هۆکاری بنەڕەتی خەرجنەکردنی مووچە لەلایەن مەسرور بارزانییەوە ئاشکراکرا
نها نیوز- هەواڵەکان
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، سەبارەت بەهۆکاری دابەشنەکردنی مووچە لەلایەن حکومەتەکەی مەسرور بارزانییەوە، باسی لەوە کرد، بەهۆی کورتهێنانی داهاتی ناوخۆوە، حکومەت ئەمڕۆ نەیتوانی بڕیار بدات بە دابەشکردنی مووچە و لە هەوڵیشدان بۆ چارەسەریی بنەڕەتیی ئەو پرسە لەگەڵ بەغدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێباز حەملان یاریدەدری سەرۆک حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بۆ کاروباری دارایی، بەمیدیای حزبەکەی ڕایگەیاند: "بەفشاری مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەغدا ئامادەبووە شاندێک بنێرێتە هەولێر".
دەربارەی هەوڵەکان بۆ ئاییندەی مووچەی هەرێم، ڕێباز حەملان باسی لەوەش کرد: "لە ئێستادا لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".
هاوکات، سەبارەت بە هۆکاری دابەشنەکردنی مووچە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، یاریدەدەرەکەی مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد: "داهاتی ناوخۆ بەشی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناکات، بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی هەرێم هەناردەکردنی نەوت بوو بەڵام ئەویش ڕاگیراوە".
ڕێباز حەملان ئەوەشی وت: "مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە بڕیاری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، ڕاگیراوە و پرسەکە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان کراوە، ئەگەرنا حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە".
ئەو حکومەتی عێراق بە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی داهات دەزانێت و پێی وایە "بەغدا بەو ئابڵوقە ئابووری و سیاسییەی خستوویەتییە سەر هەرێم بووەتە هۆی کەم بوونەوەی داهاتی ناوخۆ و نەتوانراوە مووچە دابەس بکرێت".
|