لیستی مووچەی مانگی 6 رادەستی بەغدا کرا
نهانیوز-هەواڵەکان
لە کاتێکدا تا ئێستا نزیکەی دوومانگە موچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و مووچەی مانگی 5 بە هەلپەسێردراوی لە نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمدا ماوەتەوە ، پێش نیوەڕۆیی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم، لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرجنەکراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لیستی مووچەی مانگی شەشی بۆ بەغداد ناردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ چارەسەربوونی کێشەکە پارەی ئەو مانگەش خەرج بکرێت.
میدیای پارتی لەزاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی بڵاویکردووەتەوە کە " شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی عێراقن بۆ ڕادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی شەش، کاتژمێر 12 لیستەکە ڕادەستکراوە و هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو بە سیستەمی پەیڕۆڵ ئامادەکراوە".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا،" وەزارەتی دارایی وەک ئەرکی سەرشانی خۆمان هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو ئامادەمانکردووە بۆ ئەوەی هیچ گرفتێک بۆ مووچەی مووچەخۆران دروست نەبێت، چاوەڕێ دەکەین لەگەڵ چارەسەربوونی کێشەکە لەگەڵ مووچەی مانگی پێنج خەرج بکرێت".
|