ئابوری

هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی هەرێم ئاشکراکرا

نها نیوز- هەواڵەکان

بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، بە وەستانی جەنگ و کەمبوونەوەی فشاری سیاسی لەسەر هەرێم لە بەغدا، ئومێدێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە هەیە. دەشڵێت "ئەگەر وەفدێکی باڵای سیاسی هەرێم لەگەڵ وەفدێکی تەکنیکی بچنە بەغدا و ڕێکبکەون، پرسی مووچەش چارەسەر دەبێت".

ئەمڕۆ سێشەممە، فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "وەڵامی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق بۆ چارەسەرکردنی مووچە دووپاتکردنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی بووە کە هەرێم پابەند دەکات بە ڕادەستکردنی داهات و دەستپێکردنەوەی نەوت لەگەڵ جێبەجێکردنی تەوتین".

بەوتەی نەبی، "لای هەرێم ئەم بڕیارانە بە جۆرێک و لە بەغداش بەجۆرێکی دیکە لێکدانەوەی بۆ کراوە ئەمەش لێکتێنەگەیشتنی لەنێوان هەردوو حکومەت دروست کردبوو، بۆیە هێشتا پرسی مووچە لەنێوان هەرێم و بەغدا نەگەیشتووەتە بنبەست و دڵنیام بەکۆتایی هاتنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، هەروەها کەمبوونەوەی فشاری دارایی لەسەر بەغدا پرسی مووچەی هەرێمیش یەکلا دەکرێتەوە".

لەبارەی ئاییندەی پرسی مووچەی هەرێمیشەوە، ناوبراو رونیکردەوە: "ئیستا بەوەستانی ئەو جەنگە، فشاری سیاسیی لەسەر هەرێم لەبەغداوە کەمبووەتەوە، بۆیە ئەگەر وەفدێکی سیاسی هەرێم لەگەڵ وەفدێکی تەکنیکی حکومەتی هەرێم بچنە بەغدا و ڕێککەوتنێکی بنەڕەتیی لەگەڵ حکومەتی عێراقی بکەن پرسی مووچە بەرەو چارەسەر دەڕوات".

"ئەگەر وەفدە سیاسییەکەی هەرێم بڕوات کە سەرۆکی حکومەتی جێگرەکەشی یاخود سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاوەری وەفدەکە بن،وە وەفدێکی تەکنیکیشیان لەگەڵ بێت، کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت و بەغدا چاوپۆشیی لەسەر مەرجەکانی پێشووی بۆ ناردنی مووچە دەکات و مووچەش دەنێردرێت".
 
2025-06-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.