ئابوری

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چارەسەری مووچەی هەرێم دەخاتە روو

نها نیوز – هەواڵەکان

زیاتر لە 50 رۆژبەسەر دابەشکردنى مووچەى مانگى نیسان تێپەڕبووە و تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ دابەشکردنی نییە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت "ئەگەر هەرێم پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت، با رایبگەیەنێت و خۆی مووچە دابەشبکات".

دارا سێکانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ "نهانیوز"سەبارەت بە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کۆردستان رایگەیاند، بە هۆی پابەند نەبوونی، هەر دوو حکومەتی هەرێم  و بەغدا بە یاسای بوودجە و بریارەکانی دادگای فیدراڵی، فەرمانبەرانی هەرێمی کۆردستان بوونەتە قوربانی، دەشڵێت "دەست بردن بۆ قوت و بژیوی خەڵك، نایاسایی و نادەستوورییە".

سەبارەت بە  چارەسەری  پرسی مووچە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای کوبوونەوە چوار قۆڵیەکە، پەیامی بەغدا بۆ حکومەتی هەرێم روونە، پێویستە حکومەتی هەرێم خوی یەکلا بکاتەوە، ئەگەر پابەندی بریارەکانی دادگای فیدراڵیی نابێت و تەوتین ناکات، دەبێت لەو داهاتە نەوتی و نانەوتییە ی دەستی دەکەوێت مووچە دابەش بکات.

 دەشڵێت" ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ولە ئێستا دا دەبێ لەو داهاتەی کە دەستی دەکەوێت مووچە دابەش بکات".

دارا سێکانیانی سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمرۆی دادگای فیدراڵیش رایگەیاند، حکۆمەتی هەرێم  داوای ئەمری وەلایی کردووە، بەلام ئەمری وەللایی بۆ بابەتێکە کە یەکلا نەکرابێتەوە، دەشڵێت " بەڵام پرسی مووچەی هەرێم  پێشترلە رێکەوتی 21ی شوباتی 2024 لە  دادگای فیدراڵی یەکلا کراوەتەوە.

هەروەها  جەخت لەوە دەکاتەوە، حکومەتی هەریمی کورستان دەبێت بەرپرسیایەتی هەڵبگرێت و مووچەی هەرێمی  کۆردستان دابەش بکات".

پاش نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق لە 28ـی ئایاری 2025، بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رایگەیاندبوو، هەرێمی کوردستان پشکی تەرخانکراوی دارایی نەماوە و مووچەی مانگی ئایار رەوانە ناکەن، ژمارەیەک فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سکاڵایەکیان تۆمارکرد و داوایانکرد، فەرمانێکی سالاری لەبارەی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچە دەربکات.

 
2025-06-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.