ئابوری

نها هۆکارێک بۆ دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی ئاشکرا دەکات

نها نیوز- هەواڵەکان

پەرلەمانتارێکی عێراق، نوێترین زانیاریی سەبارەت بە ناکۆکییەکانی دادگای فیدڕاڵی و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکەکەی دەخاتەروو و دەڵێت "هەڵوەشانەوە و دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی دادگاکە بەپێی ئەگەرەکان پەیوەندیی بە دۆسیەی (خور عەبدوڵا) هەیە کە ناکۆکیی لەنێوان هێزەکان و دادگا و ئەنجومەنی باڵای دادوەریی دروستکردووە و بەمەش دەرکردنی فەرمانسالارییەکە نادیارە".

ئەمڕۆ دووشەممە، مووسەننا ئەمین پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نها نیوز، دەربارەی هۆکاری پشت دەست لەکارکێشانەوەی جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای فیدڕاڵیی ڕایگەیاند: "دەست لەکارکێشانەوەکەی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی ئەگەر هەیە پەیوەندیی بە دۆسیەی ڕێککەوتننامەی (خور عەبدوڵا)وە هەبێت کە لەنێوان عێراق و کوێت کە پێشووتر بووە هۆی ناکۆکیی دەستەی دادەوەران لەگەڵ جاسم عەبود سەرۆکی دادگاکە و بۆچوونەکان وەها بوون کە ئەم ڕێککەوتننامەیە دیاریکردنی سنوورە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە و کێشەی ناوخۆیی دروست کردووە".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دۆسیەیە کاتێک براوەتە بەردەم دادگای فیدڕاڵی، گرفتی یاسایی لەسەر بووە و بەشێک لە دادوەران پێیان وابووە بەپێی یاسای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی عێراق، گرفتی یاسایی هەیە و دەبوایە لە پەرلەمانەوە بە دوو لەسەر سێی دەنگی لەسەر بدرایە نەوەک بە (50+1) تێبپەڕێندرێت، هەر بۆیە ڕێکارە یاساییەکانی ڕێککەوتننامەکە تەواو نەبووە و دادگاکە ئەم دۆسیەیەی ڕەتکردەوە.

مووسەننا ئەمین، دەشلێت: "یەکلانەکردنەوەی ئەم دۆسییەیە، جۆرێک لە دژایەتیی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی عێراق، دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادەوریی دروست کرد کە بووە هۆی ئەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڕیاری دادگاکە سەبارەت بەم دۆسییەیە بە نایاسایی ناوببات".

سەبارەت بە بۆچوونی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ ناردنی مووچەی هەرێم، ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: " تێڕوانینی حکومەتی عێراق سەبارەت بە مووچەی هەرێم نەگۆڕاون و وەک خۆی ماون کە داوای دەستپێکردنەوەی نەوت و ڕادەستکردنی نیوەی داهاتی هەرێم و تەواوکردنی ڕێکارەکانی تەوتینی کردبوو".

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەیە "حکومەتی هەرێم لەجیاتی داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری تەیف سامی بۆ ڕاگرتنی مووچە، پێویستە وەڵامی داواکارییەکانی بەغدا بداتەوە و ڕەزامەند بێت لەسەر دەستپێکردەوە و ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگای سۆمۆوە".

ناوبراو هۆشداریشی دا لەوەی، پێویستە هەڵوێستی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەوبارەیەوە ڕوون بێت بەرامبەر حکومەتی ناوەند و پابەندیی خۆی دووپات بکاتەوە، "بەتایبەتیش لەم کاتەدا کە عێراق بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو دەنێت، لەوانەیە هیج هێزێكی شیعە چیتر پشتیوانی لە ناردنی مووچەی هەرێم نەکات".

دەربارەی کارتە فشارەکانیش، وێڕای ئەوەی موسەننا ئەمین بە توڕەییەوە رەتیدەکاتەوە کە "حکومەتی هەرێم واز بهێنێت لەکارتی فشار" جەختیشی کردەوە: "فشارکردن لە بەغدا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چارەسەرکردنی مووچە نییە و تاکە ڕێگاچارە ئەوەیە حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت و هەرێم پابەندییە یاساییەکانی خۆی بەرامبەر عێراق جێبەجێ بکات لە ڕادەست کردنی  150 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم بە بەغدا و تەواوکردنی تەوتین".

لەبارەی وادەی کۆبوونەوەی داهاتووی دادگای فیدڕاڵییش، ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد: "چارەنووسی کۆبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی بۆ دەرکردنی فەرمانسالاری بۆ ناردنی مووچە لەم هەفتەیەدا نادیارە، چونکە دادگا خۆی هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە نازانرێت کەی کۆدەبێتەوە".

2025-06-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.