نها زانیاری نەبیستراو لەسەر هۆکاری دواخستنی دانیشتنی دادگای فیدراڵی بڵاودەکاتەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەگەرچی بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی بەمەبەستیی بڕیاردان سەبارەت بە مووچەی هەرێم کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا و پەرلەمانتارێکی عێراقیش بۆ نها باس لەوە دەکات بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی دادوەرەکانی دادگاکە کۆبوونەوەکە دواخرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، چرۆ حەمەشەریف پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ نها نیوز ئاشکرای کرد: " کۆبوونەوەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە مووچەی هەرێم ئەمڕۆ ئەنجام نەدرا و دواخراوە".
سەبارەت بە هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە، ئەو پەرلەمانتارە بۆ نها ئاماژەی بەوەکرد: "بەپێی ئەو بەدواداچوونەی من کردوومە لە یەکێک لە دادوەرەکانی دادگاکەوە، پێم ڕاگەیانرا کە دواخستنی کۆبوونەوەکەی دادگاکە بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی دادوەرەکانی دادگاکەوە بووە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر وا بڵاوکرایەوە دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ تایبەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆدەبێتەوە بۆ دەرکردنی فەرمانسالاری بۆ ناردنی مووچە، تەنانەت لە ئەگەری تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی دادوەرە سەرەکییەکانیش، بە دادوەرە یەدەگەکان شوێنی دادوەرە سەرەکییەکان پڕ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت.
|