نهانیوز-هەواڵەکان
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە قەیرانی مووچەی هەرێم دەڵێت "هەموو ئیلتیزاماتی سەر شانمان وەکوو هەرێم جێبەجێکردووە وچاوەرێی دادگای فیدراڵین".
ئەمرۆ چوارشەممە 11ی حوزەیرانی 2025 ڕێباز حەملان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هاتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕایگەیاند،هەموو پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە تەرازووی پێداچوونەوە، لیستی مووچە و رادەستکردنی داهاتی نانەوتی جێبەجێکراوە، حکومەتی هەرێم و بەغداد چاوەڕوانی کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵین بۆ ئەوەی ئەمری وەلائی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەربکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بودجەی ساڵی 2025ـدا 13 تریلیۆن و 334 ملیار بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە و لەو بڕە تەنیا سێ تریلیۆن و 834 ملیار دیناری پارەی بۆ مووچەکانی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ خەرجکراوە، بۆیە نەمانی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان لە بودجە، هیچ پاساوێکی دەستووری و یاسایی نییە و بەگوێرەی بودجە نییە.
هەروەها راشیگەیاند، فشارێکی زۆری ئەمریکییەکان لەسەر عێراق هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دەشڵێت؛ لەرێگەی باڵیۆزی ئەمریکاوە عێراق ئاگادارکراوەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی 40 رۆژە مووچەخۆرانی هەریم مووچەیان وەرنەگرتووە و جەژنی قوربانیان بە گیرفانی بەتاڵ بەرێ کرد
لە 28ى ئایار بەغداد بە پاساوى تەواوبوونى پشکى هەرێمى کوردستان خەرجکردنى مووچەى راگرت و ئەوەش پەیوەندییەکانى بە تەواوەتى ئاڵۆز کرد، دواتر ژمارەیەک فەرمانبەر لە دادگاى فیدراڵى سکاڵایان تۆمارکرد و داواى فەرمانسالارى دادگاکەیان کرد بۆ خەرجکردنى مووچە و جەختکردنەوە لە بڕیارەکانى 21ى شوباتى 2024 کە تێیدا لەسەر سکاڵاى چەند پارێزەر و هاونیشتمانییەک، هەردوو حکومەتى فیدراڵ و هەولێرى بە دابینکردنى مووچە لە کاتى خۆیدا پابەندکرد.