نها نیوز - هەواڵەکان
بەپێی وتەی بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق، هۆکاری لێکتێنەگەیشتنی هەرێم بەغدا ئەوەیە کە بەرپرسانی کوردستان "هیچ لە زانستی ژمێریاری و ژمارەکان تێناگەن بۆیە ناتوانن لە ڕاگەیاندنی عێراقی دەربکەون و شەقامی عێراقی تێبگەیەنن لەوەی چی وەزعەکە چۆنە و چی دەگوزەرێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا، هۆکاری بەردەوامیی لێکتێنەگەیشتنەکانی دارایی هەرێم و بەغدا پەیوەست بە داهات و مووچەی فەرمانبەران ڕووندەکاتەوە و باس لەوە دەکات: "پێویستە ئێمە شەڕی بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانمان ببەینە بەغدا لەوێوە بەرگریی لە مافی خۆمان بکەین نەوەک لێرەوە پەیام ڕەوانە بکەین، برادەرانی ئێمە هیچ لە زانستی ژمێریاری تێناگەن بۆیە ناتوانن لە ڕاگەیاندنەکانی ئەوێ دەربکەون و بەرگریی لە شایستە داراییە هەرێمی کوردستان بکەن".
نەبی وتیشی: "لەگەڵ ئەو میدیا عێراقییانەی کە دژی هەرێمی کوردستانن، بەشداریی چەندین بەرنامەم کردووە پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەند لەسەر داهات و مووچە، بە داتا و ژمارە وەڵامم دانەوە و بێدەنگم کردوون".
بریکاری پێشووی دارایی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی، زۆربەی ڕاگەیاندنەکانی عێراق و تەنانەت شارەزایانی ئابووریش لە عێراق وادەزانن نوسراوەکەی تەیف سامی ڕاستە و هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر وەرگرتنی شایستە داراییەکانی هیچی ڕادەستی بەغدا نەکردووە، من لە یەکێک کەناڵە ڕاگەیاندنەکان، بە داتا و ژمارە وەڵامم دەدانەوە، کاتێک بە زمانی ژمارەکان قسەم دەکرد هەموویان بێدەنگ بوون و وەڵامیان پێ نەبوو.
ناوبراو پێشی وایە: "پێویستە شارەزایان و شەقامی عێراقی ئاگاداربکەینەوە لەوەی چی دەگوزەرێت لەپشت ئەو نوسراوەی تەیف سامی سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێم لەیاسای بودجە، من سێ ساڵە داوا دەکەم پێش هەر وەڵام دانەوەیەکی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی عێراق لیژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزای ئابووری لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات و هەڵیسەنگێنێت ئینجا ئاڕاستەی بەغدا بکرێت، ئەگەر پێشتریش ئەوە بکرایە هەرگیز تووشی ئەو گرفتانە نەدەبووینەوە لەگەڵ بەغدا".