دادگای فیدڕاڵی وادەی دەرکردنی فەرمانسالاری بۆ موووچە ئاشکراکرد
نها نیوز- هەواڵەکان
دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق لەلایەن چەند فەرمانبەرێکی کوردستان، بڕیاربوو دادگاکە لەم چەند ڕۆژە پێش جەژن بڕیارێکی فەرمانسالاری دەربکات بۆ ناردنی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێم، لەبارەی وادەی دانیشتنەکە بەڕێوەبەری دادگای فیدراڵی دەڵێت "دوای گەڕانەوەی دادوەران لە سعودیە، بڕیار لەسەر بابەتی فەرمانی سالارییەکە دەدرێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەسەن نوری بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی دادگای فیدڕاڵی لەلێدوانێکیدا بۆ میدیای پارتی ئاشکرایکرد: "لە کۆی 9 دادوەری سەرەکیی دادگا، پێنج دادوەر بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە سعودیەن، بۆیە لەبەر تەواونەبوونی رێژەی یاسایی تاوەکو ئێستا بڕیار لەسەر داواکاریی تایبەت بە فەرمانی سالاری بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەرنەکراوە".
ئەو بەرپرسەی دادگای فیدڕاڵی دەربارەی وادەی کۆبوونەوەی دادگاکە وتی: " دوای گەڕانەوەی دادوەران لە سعودیە و تەواوبوونی ڕێژەی یاسایی، بڕیار لەسەر بابەتی فەرمانی سالارییەکە بۆ بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت".
دادگای فیدراڵی، نۆ دادوەری سەرەکیی هەیە، بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی دادگای فیدراڵی، پێویستە هەر نۆ دادوەرەکە ئامادەبن بۆ بڕیاردان لەسەر هەر داواکاری و سکاڵایەک، ئەو پێنج دادوەرەی بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە سعودیەن، یەکێک لەوان سەرۆکی دادگەی فیدراڵییە.
کۆنەبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی لەکاتێکدایە، هەردوو حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم و ناوەند بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران پێش جەژن گەیشتنە بنبەست و دادگای فیدڕاڵی بڕیاربوو بۆ مەبەستی دەرکردنی بریاری فەرمانسالاری کۆببێتەوە، بەڵام بەپیی وتەی بەڕێوەبەری دادگای فیدراڵی کۆبوونەوەکەی بۆ دوای جەژن دوادەکەویت و بەمەش ناردنی مووچەی هەرێم دەکەوێتە دوای جەژن.
|