حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بۆ پرسی مووچەی مانگی پێنج کۆدەبێتەوە
نها نیوز- هەواڵەکان
حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم سبەینێ کۆدەبێتەوە و سێ پرسی سەرەکیی تاوتوێ دەکات کە مووچەی مانگی پێنج یەکێکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمەوە پشتڕاستی کردەوە کە سبەینێ چوارشەممە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم کۆدەبێتەوە و تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە لەسەر پرسی مووچەی مانگی پێنجى مووچەخۆران دەبێت کە لەئێستادا بووەتە کێشەیەکى سەرەکیی نێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد.
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، بریتی دەبێت لە گفتوگۆی حکومەت سەبارەت بە دابینکردنی پارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ دەكرێت، هەروەها تەوەرى سێیەمیش تایبەت دەبێت بە گفتوگۆی پرسی لێخۆشبوونی پێشینەی هاوسەرگیری كوڕ و كچی شەهید.
کۆبوونەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەکاتێدایە، ئەمڕۆ سوودانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فڕاکسیۆنی یەکگرتوو ڕایگەیاند ناتوانێت دڵنیایی بدات لەناردنی مووچەی هەرێم پێش و جەژن، بەهۆکاری پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێم بەڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەند و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
|