ئابوری

ئەحمەدی حاجی رەشید بۆ نها: سودانی بەهۆی مووچەی هەرێمەوە لەژێر فشارێکی گەورەدایە و ناتوانێت شیعەکان رازی بکات

نها نیوز- هەواڵەکان

ئەندام پەرلەمانێکی پێشووی عێراق ڕایگەیاند، سودانی لەژێر فشارێکی مەترسیداری شیعەکاندایە لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێم و دەیەوێت رازییان بکات؛ بەڵام ئەوان تاوەکو ئێستا نەهاتونەتە ژێر ئەو بارەیە، لەبارەی لێبڕینی مووچەشەوە دەشڵێت "ئەگەر هەرێم هەڵستێت بەدابەشکردنی مووچە خۆی رێژەیەک دیاریدەکات".

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناکۆکییەکانی هەرێم بەغدا لەسەر مووچە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نها نیوز، وتی: "مووچەی فەرمانبەران لەبەغداوە بابەتێکی تەواو سیاسییە، سوودانی لەژێر فشارێکی گەورەیەدایە بەوەی بەبێ ڕادەستکردنی داهات لەلایەن هەرێمەوە بودجەی بۆ هەرێم ناردووە و لەم ڕێگایەوە سوودانی دەیەوێت خۆی لەم بەرپرسیاریەتییە ڕزگار بکات، واتە دەیەوێت هێزە شیعەکان بهێنێتە ژێر باری ئەو داواکارییە، بەڵام هێزە شیعەکان تائێستا ئامادە نین بێنە ژێر باری ئەم داواکارییەی سوودانی".

سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، ئەو پەرلەمانتارە  ئاشکراشیکرد: "سەرهەڵدانەوەی بابەتی لێ بڕینی مووچە، کەوتووەتەوە سەر ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا کە ئایا حکومەتی فیدڕاڵی ئامادەیە بەردەوامیی بدات بەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یاخود حکومەتی هەرێم خۆی دەیدات".

ناوبراو زیاتری ئاشکراکرد و وتیشی: "ئەگەر حکومەتی هەرێم خۆی مووچە بدات، وەزارەتی دارایی هەرێم خۆی ڕێژەکەی دیاریدەکات؛ ئەگەریش ئەم کارە بکرێت نائەخلاقی و نایاساییە و پێشێلکردنی مافی خەڵکە، چونکە هێشتا پەرلەمانی کوردستان کارا نەکراوەتەوە تاوەکو بەیاسا لێ بڕینی مووچە دیاریبکرێت".

هەر بەوتەی پەرلەمانتارەکەی پێشووی عێراق "پێشووتریش ئەگەر لێ بڕین ئەنجامدرابێت لەعێراق بۆ حەشدی شەعبی و هەندێ چین و توێژ بوو و بە یاسا لە پەرلەمانی عێراق لەیاسای موازنە جێگای بۆ کراوەتەوە".

ئەحمەدی حاجی رەشید راشیگەیاند "ئەوەی پەیوەستە بەهەرێمی کوردستانەوە، لەبەرئەوەی لە حکومەتی هەرێم تەنیا پارتی دەربارەی پرسە گرنگەکان بڕیاردەدات؛ پارتی چ لەکاتی ئاڵۆزی یان ئاشتی لایەنەکانی تری هەرێم لەگەڵ خۆی پەلکێشی بەغدایان دەکات".
2025-06-02
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.