ئابوری

نها راست و دروستی سکاڵاکەی دژ بە تەیف سامی ئاشکرا دەکات

نها نیوز- هەواڵەکان

دوای ئەوەی ئەمڕۆ، لەدادگای فیدڕاڵی سکاڵا تۆمارکرا دژی وەزارەتی دارایی عێراق لەبەرامبەر ڕاگرتنی مووچەی مانگی پێنج، هەریەک لە سۆران عومەر و عەلی حەمەساڵح دووپاتیان لەوە کردەوە کە خودی فەرمانبەران سکاڵاکەیان تۆمارکردووە نەوەک حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ نها نیوز وتی: " هیچ کەسێک خاوەنی ئەو سکاڵایە نییە کە ئەمڕۆ لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکرا بۆ مووچەی مانگی پێنج، بەڵکو فەرمانبەران خۆیان خاوەنی ئەو سکاڵایەن".

ئاماژەی بەوەش کرد: " دادگای فیدڕاڵی سکاڵاکەی پەسەند کرد و قەناعەتیشی بەوەکرد ئەمری وەلائی دەربکات بۆ بەردەوامیدان بە ناردنی  موچەی موچەخۆرانی هەرێم و بۆ ئەو مەبەستەش دادگاکە بە زووترین کات کۆدەبێتەوە".

هاوکات، عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک دووپاتی کردەوە، ئەوان لەدادگای فیدڕاڵی لەگەڵ چەند مووچەخۆرێکی هەرێم بەیەکەوە سکاڵایانکردووە و دادگای فیدڕاڵی لە زووترین کاتدا فەرمان سالاری دەردەکات بۆ ناردنی مووچە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، وا بڵاوکرایەوە کە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم خاوەنی ئەو سکاڵایە بووە کە دژی حکومەتی ناوەند تۆمارکرا لەبەرامبەر ڕاگرتنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام دواتر پشتڕاستکرایەوە کە خودی فەرمانبەران خۆیان سکاڵاکەیان تۆمارکردووە.

2025-06-01
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.